پێشنیارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەران ئاشكراكرا

شارەزایەكی ئابوری بەرپرسیارێتی كێشەی مووچەخۆران دەخاتەئەستۆی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند و پێشنیاریش بۆ چارەسەركردنی دەخاتەڕوو.

ناسر كنانی، شارەزای ئابوری بەرپرسیارێتی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخاتە ئەستۆی هەردوو حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانیانەوە.

سایتی (بەغداد لیەوم) لە زاری كنانی وتی، “پێویستە سیاسییەكان لە بەغداد و هەرێم چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران بكەن، سەرسوڕمانی خۆیشی نیشاندا لەسەر سووربوونی حكومەتی هەرێم بە دابەشكردنی مووچە لەلایەن خودی خۆیەوە”.

بە وتەی ئەو “ناوی فەرمانبەری بندیوار لە لیستی مووچەی هەرێمدا هەیە، بۆیە پێویستە سەرژمێری و بەدواداچوون بۆ لیستی مووچەخۆران بكرێت، دانانی خشتەی مووچەش ئەو پرسە یەكلادەكاتەوە”.

مانگی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بەمەبەستی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران.

بەشی یەكەمی پارەكە مووچەی مانگی تەمموزی پێدابەشكرا، چاوەڕوان دەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا بەشی دووەمی رەوانەبكرێت و مووچەی مانگی ئابی پێدابەشبكرێت.

لەو بارەیەوە دوێنێ لەدوای كۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، بەو لێكتێگەیشتنەی لە نێوان هەرێم و بەغداد هەیە هەوڵدەدرێت بۆ ساڵی داهاتوو كێشەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەتەواویی چارەسەر بكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق هیچ گرفتێك سەبارەت بە ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەبووە و چاوەڕواندەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێكارەكان و ناردنی 700 ملیار دیناری دووەم بۆ هەرێم دەستپێبكات.

پێشتر نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، گرفتمان لە لیستی تایبەت بە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمدا هەیە، چونكە دوایین لیست كە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە پەسەندكراوە، ساڵی 2013 بووە، دوای ئەو ساڵە و بەهۆی بڕینی پشكی هەرێم لیستەكە نوێنەكراوەتەوە.

وتیشی، “دوای ژمارەی لای حكومەتی ناوەند كە بە فەرمی و پەسەندكراوە بریتییە لە 659 هەزار فەرمانبەر، بۆیە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەو ژمارەیەی لای حكومەتی ناوەندە و ئەو ژمارەیەی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێشكەشكراوە و زۆر زیاترە لەو بڕە”.

یەكێكی دیكە لە كێشەكان، كێشەی ژێرخانە، كە دەكرێت لەڕێیەوە مووچە بەشێوەی راستەوخۆ دابەشبكرێت، كە بریتییە لە بانكەكانی سەر بە حكومەتی ناوەند و لەڕێی كارتی زیرەكەوە، نەرمین مەعروف وای وت.

ئەوەشی وت، “تەنها یەك لقی باندی سەر بە حكومەتی ناوەند لە هەرێم هەیە، ئەویش بانكی TBI یە، باوەڕم وایە لەئێستادا بانكە توانا و ئامادەسازی نییە بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە و پێدانی مووچەی ئەو ژمارەیە لە مووچەخۆران”.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: لەم ناوچانە باران دەبارێت

بابەتی دواتر

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە ئیسرائیلە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەعدی ئەحمەد پیرە: یەكێتی پابەندە بەو وادەیەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكراوە

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، “یەكێتی پابەندە بەو وادەیەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكراوە. سەعدی ئەحمەد پیرە،…
Total
0
Share