16ی ئۆكتۆبەر
“عینادی سیاسی” لەدەستدانی لەسەدا 51ی خاكی لێكەوتەوە

سەركردەیەكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لێكەوتەكانی ریفراندۆم بووەهۆی لەدەستدانی لەسەدا 51ی خاكی كوردستان و هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە سەركردایەتیی سیاسیی كورد و بەتایبەتیش پارتی بە چارەسەركردنی لەڕێی گفتوگۆوە رازی نەبوو.

هیوا عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە ریفراندۆم گوێمان لە دۆستەكانمان نەگرت و ئەنجامدرا، لێكەوتەكانی ریفراندۆم ئەو دۆخەی هێنایە ئاراوە كە بەسەر كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەدا هات.

وتیشی، عێراق هەموو ئەو هێزانەی لە شەڕی داعشدا بەشداری پێیاندەكرد، هەموویانی گەڕاندەوە و رووبەڕووی پێشمەرگە كرانەوە.

سەركردەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، “لەو كاتەدا شەڕی داعش بەكۆتا هاتبوو، عێراق رەوشێكی دیكەی هەبوو، دۆخە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانیش بەرامبەر ئێمە گۆڕا، ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون لەم قۆناغەدا ریفراندۆم بكەین، زۆریش هەوڵیاندا لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیدا تا دوابخرێت، بەڵام بەداخەوە سەركردایەتیی سیاسی و بەتایبەتیش برادەرانی پارتی گوێیان بە رێنوێنی و ئامۆژگارییەكانی وڵاتانی هاوپەیمان نەدا”.

باسی لەوەشكرد، لەبارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و دواترەوە زۆرجار تەخوینی یەكێتی دەكرێت، لەكاتێكدا ئەوكاتە ئەوان زۆر بە وردی دۆخی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقیان بە سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بوو بە راشكاو وت، ئەوەشی وت، “شیكاری هەموو دۆخە سەربازییەكانمان كرد كە هێزەكانی بەرامبەرمان چین و هێزەكانی ئێمەش بە چ شێوەیەكن، چونكە بەراستی هێزەكان زۆر نابەرامبەر بوون، روونمان كردەوە كە لە كۆتاییدا سەركەوتوو نابین، بەڵام گوێیان لێنەگرتین، تەنانەت ئەوكات سەرۆكی هەرێم وتی خۆم دێم لەگەڵتاندا شەڕدەكەم. كاتێك شەڕەكەش دەستپێكرد، هێزەكانی ئێمە ئەوەندەی توانای هەبوو شەڕیان كرد و چەندین شەهیدماندا”.

دوای چەندین كاتژمێریش لە شەڕكردن، بڕیاری پاشەكشە درا، بڕیارەكەش بۆ ئەوەبوو شاری كەركوك وێران نەبێت، لەكاتێكدا هەوڵی زۆر درا چارەسەرەكە بە شەڕ نەكرێت، هیوا عەبدوڵا وای وت.

رونیشیكردەوە، گفتوگۆكان وابوو كە هێزە عێراقییەكان بێن و پێكەوە لەگەڵ پێشمەرگە لە سەربازگەی كەی ون جێگیربكرێن، هەروەها ئەو بیرە نەوتیانەی نەوتیان لێوە هەناردە دەكرا، جارێكی دیكە بكەوێتەوە دەست هێزە عێراقییەكان، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن سەركردایەتیی سیاسی و بەتایبەتیش سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێم قبوڵنەكرا و، ئەوەبوو شەڕ دروستبوو و لە ئاكامیدا 51 لەسەدی خاكی كوردستان لەدەستدرا.

باس لەوەشدەكات، لەگەڵ ئەوەی لەڕووی سەربازییەوە پاشەكشەكرا، یەكێتی لەڕووی سیاسییەوە مایەوە و ئەمەش بۆ پاڵپشتیی خەڵك گرنگ بوو.

روو لەو لایەنانەش كە ئەوكات و ئێستا باس لە داگیركردنی كەركوك دەكەن، ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی دەپرسێت، ئەگەر كەركوك داگیركراوە، بۆ لە هەڵبژاردن دێنەوە و داوای دەنگ لە خەڵك دەكەن، ئەگەر كەركوك داگیركراوە، بۆ لە بەغداد لەسەر هەموو پۆستەكان شەڕ و ململانێ دەكەن؟ وەڵامەكەشی وەك ئەو دەیڵێت، “مزایەدەیە و كوردایەتی فرۆشتنەوەیە بە خەڵكی كەركوك و یەكێتی”.

بابەتی پێشتر

خوێندكاری 36 وڵاتی بیانی لە زانكۆیەكی عێراقی دەخوێنن

بابەتی دواتر

لەسەر دۆسیەیەكی دزی تۆمەتبارێك دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاگادارییەك بۆ شۆفێران

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی لەسەر رێگای گشتیی دەربەندیخان – سلێمانی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كە سووتەمەنییەكی زۆری ڕشتبوو…
Total
0
Share