ڕێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد چ زیانێك بە موچەخۆرانی هەرێم دەگەیەنێت؟

ئابوریناسێكی كورد باس لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد دەكات و دەڵێت، “ژیانی هاوڵاتییانی هەرێم قورستر دەبێت و 70% زیان بە موچەی موچەخۆران دەگات”.

محەمەد مەجید، ئابوریناس تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تا ئەم ساتە بە پێی وتەکانی کاربەدەستانی عێراق، ھیچ جۆرە ڕێكکەوتنێك لەنێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەند نەکراوە، بەڵام بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 کە ئامادە کراوە، بڕی زیاتر لە 13 تریلیۆن دینار بۆ ھەرێم تەرخان كراوە”.

ئەو ئابوریناسە ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو بودجەیە كاتێك بۆ هەرێم خەرج دەكرێت كە ڕێككەوتن لەنێوان ھەرێم و ناوەند بكرێت، مەرجەکانی ناوەند بۆ ھەرێم ڕوونن ئەوەش ڕادەست کردنی 250 ھەزار بەرمیل ڕۆژانەیە لەگەڵ 50%ی داھاتی ھەرێم، بەرامبەر بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە”.

لە ئەگەری ڕێككەوتن بەغداد مانگانە زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەكات، لەگەڵ 50%ی داھاتی ناوخۆی کوردستان، لەو کاتە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت 30 ڕۆژ جارێك موچە بە تەواوی دابەش بکرێت بە بێ لێبرین”، وەك محەمەد مەجید ئاماژەی پێكرد.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر ئەوە جێبەجێ بكرێت، ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان تەنھا تووشی زیانی کەمبوونەوەی بەھای دینار دەبن بە ڕێژەی 22%، واتا گەر موچەی موچەخۆرێك یەك ملیۆن دینار بێت، بەھای ئەو پارەیە دەبێت بە 780 ھەزار دینار، ئەوەش بەھۆی گرانبوونی پێداویستییەکانی بازاڕ”.

لە ئەگەری ڕێكنەكەوتندا ژیانی هاوڵاتییانی هەرێم قورستر دەبێت

ئەو ئابوریناسە كوردە ئاشكرایكرد، “لە ئەگەری ڕێکنەكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، ژیانی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان قورستر دەبێت بەراورد بە ھاوڵاتییانی عێراق”.

ئەو ئابوریناسە هۆكاری ئەو قسەیەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، “ئەگەر سەیری ساڵی 2020 بکەین وەک نمونە، بە پشت بەستن بە فرۆشتنی نەوت و داھاتی ناوخۆ، حکومەتی ھەرێم تەنھا شەش موچەی دابەشکردووە بە لێبڕینەوە، ئەگەر ساڵی 2021 هاوشێوەی 2020 بێت، بە دوو مانگ جارێ موچە دابەش دەکرێت بە لێبڕینەوە”.

“زیانەکانی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەمجۆرە دەبێت، بۆ نمونە کەسێک موچەکەی یەك ملیۆن دینار بێت، 21%ی لێببڕدرێت دەبێتە 790 ھەزار دینار، بەهۆی دابەزینی بەهای دیناریش بەرامبەر بە دۆلار 22%ی دیكەی بەهای پارەكەی لەدەست دەدات، واتا 616 هەزار دیناری وەك بەهای دیناری پێشووی بۆ دەمێنێتەوە، گە بە دوو مانگ جارێكیش موچە بدرێت ئەوا دەبێت وای دانێین 308 هەزار دینار دەدرێت بە موچەخۆرێك كە موچەكەی یەك ملیۆن بێت”.

ئەو ئابوریناسە باسیلەوەشكرد، “بەوەش بۆمان دەردەكەوێت، لەڕووی داراییەوە گەر ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد بكرێت هاوڵاتییان هەرێم هاوشێوەی عێراق 22% زیان بەر موچەكانیان دەكەوێت بەهۆی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارەوە، لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنیش هاوڵاتییانی هەرێم 70% زیان بە موچەكانیان دەگات”.

سەردانی ئەمڕۆی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ پەرلەمانی كوردستان

لە سێ ڕۆژی داهاتوودا بەشە بودجەی ئەمساڵی هەرێم یەكلادەبێتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 28ی کانونی یەکەم، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد بەمەبەستی خستەڕووی وردەكاریی سەردانەكەیان بۆ بەغداد.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەوەی لە ئەنجامی سەردان و دیدارەكانی شاندی حكومەت لێی دەخوێندرێتەوە ئەوەیە كە كۆبوونەوەكانی بەغداد هیچ بەرهەمێكی بۆ خەڵكی كوردستان نەبووە”.

وتیشی، “سەبارەت بەو سێ مانگەی بەشە بودجەی هەرێم كە تائێستا نەهاتووە و بۆ هەر مانگێك 320 ملیار دینارە، یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن) تەنها سێ ڕۆژی ماوە، ئەگەر تا سێ ڕۆژی داهاتوو پارەكە نەگات یاساكە بەسەردەچێت و پێشموایە پێناچێت بنێردرێت”.

سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2021یش عەباس فەتاح وتی، “ڕوونە كە لە پرۆژەیاساكەدا بەشە بودجەی هەرێم چۆن لەلایەن حكومەتەوە دیاریكراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا لەلایەن پەرلەمانەوە وەك خۆی پەسەند دەكرێت یان گۆڕانكاری بەسەردا دێت”.

“ئەگەر وەك خۆی بمێنێتەوە و دەستكاری نەكرێت بۆ هەرێم خراپ نابێت، بەڵام ئەگەر وەك خۆی نەمێنێتەوە و دەستكاری بكرێت ئەوكات دەبێت چاوەڕێ بكەین لە مانگی داهاتوودا چی بەسەر پرۆژەكەدا دێت”، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە وتی.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر پرۆژەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت، حكومەتی هەرێم بەڵێنیداوە 250 هەزار بەرمیلەكە ڕادەستی سۆمۆ دەكات، تا كۆمپانیاكە خۆی نەوتەكە بفرۆشێت لەگەڵ ڕادەستكردنی نیوەی داهاتی ناوخۆ”.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

حكومەتی عێراق ئاشكرایكرد، سبەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو دەگاتە پەرلەمان.

حەسەن نازم، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “سبەی سێشەممە 28ی كانونی یەكەم، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 دەگاتە پەرلەمان.”

وتیشی، “لە پرۆژەیاساكەدا بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و موچەخۆرانی خاوەن داهاتی سنووردار لەبەرچاوگیراوە، كاریش دەكرێت بۆ باشكردنی پێكهاتەی بەشەخۆراكی مانگانە.”

لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنیدا كە ئەمشەو پەخشكرا، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاشكرایكرد ئەگەر پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە دوابكەوێت، ئەوا حكومەت لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان بڕیاردەدات و “بەگوێرەی پرۆژەیاسای ئەمساڵ موچەی مانگی یەكی ساڵی داهاتوو خەرج دەكەن و دابەشكردنی موچە دواناكەوێت.”

لەبارەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار و ناجێگیریی نرخەكەی لە بازاڕدا، حەسەن نازم وتی، “نرخی دۆلار بەرز و نزم دەكات و دواتر جێگیر دەبێت، حكومەتیش سوورە لەسەر ئەو بەرزكردنەوەیە و لێی پاشگەزنابێتەوە، چونكە دەیەوێت كەرتی تایبەت كارا بكات.”

بابەتی پێشتر

حكومەتی عێراق بڕیارێك لە بەرژەوەندیی موچەخۆران دەدات

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) یەکسانبوون لیستەری گەیاندە پلەی دووەم و چێڵسی پلەی شەش

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share