فەرماندەی هێزی بەرگریی ئاسمانیی شاهانەی سعودیە و شاندێکی یاوەری گەیشتنە بەغدادی پایتەخت و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجامبدەن.
دوای ئەوەی فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە چەند ڕۆژی رابردوودا سەردانی عێراقی کرد، ئەمڕۆ مەزیاد بن سلێمان، فەرماندەی هێزی بەرگریی ئاسمانیی شاهانەی ئەو وڵاتەش لەگەڵ شاندێکی یاوەری گەیشتنە بەغدادی پایتەخت و سەردانی بارەگای فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی عێراقیان کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری عێراق، “ئەمڕۆ فەرماندەی بەرگری ئاسمانی عێراق، پێشوازی لە فەرماندەی هێزی بەرگری ئاسمانی شاهانەی سعودیە کرد و ڕێگاکانی هاوکاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی بەرگری و زانیاری لە نێوان هەردوولادا تاوتوێکراوە”.
ئاماژە بەوەش دەکات، “چۆنیەتی پاراستنی سەروەری ئاسمانی و پارێزگاری لە ئاسمان و وشکانی وڵات لەگەڵ ئەو فەرماندەیەی سعودیە گفتوگۆی لەبارەوە کرا”.