پەیامێك لە ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی-یەوە

ئەنجومەنی نوێی سەركردایەتیی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و پەیامێكی بڵاوكردەوە.

دەقی پەیامەكە:

لە رۆژانی 8-9ی تشرینی یەکەمی 2023 بەسەرپەرشتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتی کۆبوونەوەکانی خولی نوێی دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی لە سلێمانی سازكرد.

کۆبوونەوەکان بە خوولەكێك وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی لە عێراق دەستیپێکرد، بەتایبەت گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال کە شەش ساڵ لەمەوبەر ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد و کوردستان، عیراق و یەکێتیشی وەک ئەمانەت بە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی سپارد.

سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەکان جەختی لە دوو پرەنسیپی گرنگ لە سیاسەتی یەکێتی کردەوە کە بریتین لە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەولەویەتی ئەو پرۆسەیە تایبەت بە موچە، ژیان و گوزەرانیان، دووەمیش پرەنسیپی ستراتیجی کە بریتییە لە ماف و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستورییەکانی گەلەکەمان لە عیراق. وتیشی، هەردوو ئەم داخوازییە بەگرتنەبەری سیاسەتێکی کوردستانی و عیراقیانەی راست و دروست دەبێت کە لە کوردستان یەکڕیزیی راستەقینە، چاکسازیی جەوهەری و راستکردنەوەی رێرەوی حوکمڕانی پێویستە و لە بەغداش بەهاوپەیمانی، هاوبەشی، هاوسەنگی و کردنی پایتەخت بە چەقی سترایجیی خەباتی سیاسی و دیموکراتی و دەستووریمان دێتەدی. بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوەی سەرکردایەتی تەئکیدی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی کوردستانی و عیراقی لەگەڵ هێز و لایەنەکان بۆ راییکردنی ئەرکە نیشتمانییە هاوبەشەکان کردەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکردایەتیی نوێ و هەموو هەڤاڵانی یەکێتیی لەم ماوە نزیکەدا دوو تاقیکردنەوەی گرنگیان لە ئەستۆیە كە ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە سایەی ئالیەتێکی گونجاو و لەباری دیموکراتیدا. وتیشی، ناشبێت هەردوو ئەرکەکە ئەوەشمان لەبیربباتەوە کە هەمیشە داکۆکی لە شایستە داراییەكانی خەڵکی خۆشەویستی خۆمان بکەین کە پێویستە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، چ لە نێوان هەرێم و بەغدا و چ لە ناوخۆی کوردستاندا، چونکە قووتی خەڵک هێڵی سوورە بۆ ئێمە و هەرگیز دەستبەرداری نابین.

کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی سەرکردایەتی بە چڕوپڕی گفتوگۆی لەسەر پەیكەربەندیی نوێی کارە رێکخراوەییەکانی یەکێتیی کرد و لەمبارەیەوە مەکتەبی سیاسیی نوێی هەڵبژارد، ئەرکی مەکتەب و ئۆرگانەکانیشی بە گوێرەی پەیڕەوی نوێ دیاریکرد.

لە کۆبوونەوەكە بڕیاردرا بەڵگەکانی پەسەندکراوی کۆنگرە لە پەیڕەوی ناوخۆ، پرۆگرام و راپۆرتی سیاسیی چاپ و ‎بڵاوبکرێنەوە و بخرێنە بەردەم ئۆرگانەکان و رای گشتی.

کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە گیانی پتەوی هەڤاڵان و ویستی ئاشتکردنەوەی سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتی لە ئاستە جیاجیاکانی خەباتدا کۆتاییپێهات و سەرۆک بافڵ رووی لە هەموو تێکۆشەرانی یەکێتی كرد، بە جۆش و خرۆشی یەکێتییانەوە وەک هەمیشە شان بدەنەبەر راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و حزبییە تازەکانی خەبات لەخزمەت خەڵكی كوردستان كە سەرچاوەی هێز و وزەی یەكێتین.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: نابێت ژیانی خەڵك و سەقامگیریی وڵات تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێن

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، “نابێت ژیانی خەڵك و سەقامگیریی وڵات تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان بكرێن”. بافڵ جەلال تاڵەبانی،…
زیاتر ببینە

هـ.ـەسـ.ـەدە: گرووپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشدەکەنەسەر ناوچەکانی دەرەوەی رێککەوتنەکە

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هـ.ـەسـ.ـەدە) رایگەیاند، پێکدادانی توند لەنێوان هێزەکانیان و گرووپە چـ.ـەکدارەکانی سەر بە دیمەشق سەریهەڵداوە.…
Total
0
Share