وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم روونكردنەوە لەبارەی پڕۆژەی رێگای هەولێر – كۆیە دەدات و دەشڵێت، “بەم دۆخەی ئێستاوە ناتوانرێت بەشێك لە پڕۆژەكان جێبەجێبكرێن و لە رابردوودا چەند هەوڵێكمانداوە كە بە شێوەی قەرز بتوانین ئەو پڕۆژانە تەواوبكەین و تائێستا نەمانتوانیووە قەرزەكە وەربگرین و لە هەوڵەكانمان بەردەوامدەبین”.
دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆژەی رێگای هەولێر – كۆیە پێنج قۆناغە و بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیە پێویستمان بە 360 ملیار دینارە بەم بارودۆخەی ئێستای حكومەتەوە ناتوانین ئەو پڕۆژانە جێبەجێبكەین و ئومێددەكەین ئەگەر دۆخی دارایی حكومەت باش بێت ئەو پڕۆژەیە تەواوبكرێت و لەگەڵ تونێلی هەیبەت سوڵتان بە رێگای سلێمانییەوە ببەسترێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، چەند هەوڵێكمانداوە لە رابردوودا كە بە شێوەی قەرز بتوانین ئەو پڕۆژانە تەواوبكەین و تائێستا نەمانتوانیووە قەرزەكە وەربگرین و لە هەوڵەكانمان بەردەوامدەین و ئومێدەوارین لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم ئەو پڕۆژانە تەواوبكەین.