بافڵ جەلال تاڵەبانی و نوری مالکی کۆبوونەوە

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری بەغداد لەگەڵ نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان، هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور بەشێوەیەک کە مافی هەموو لایەک پارێزراوبێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت ئیدانەکرا و داواکرا حکومەتی عێراق ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی رابپەڕێنێت، سنوور بۆ پێشێلکارییەکان دابنێت و هیچ پاساوێک بۆ بەزاندنی ئاسمان و خاکی وڵات نەمێنێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، “دەبێت چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە کێشە سیاسییەکان کاری لە پێشینەی هەموومان بێت و چیتر هاوڵاتییانمان لەدڵەڕاوێکدا نەمێننەوە”.

لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەشەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد ،”هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان شایەنی هەموو رێز و وەفادارییەکن، بەپارێزگابوونیشی دەبێت خەمی هەمووان بێت و داواکارم هەموولایەنەکان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەن”.

 

بابەتی پێشتر

پەیوەندیی باوەڕپێنەکراو هەیە لەنێوان پیسبوونی هەوا و بەرگریی دژە زیندەکان

بابەتی دواتر

جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share