ساڵی نوێی خوێندن و بایکۆتی مامۆستایان دەستیانپێکرد

ئەمڕۆ یەکەمین زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێدرا لە کاتێکدا بەشێك لە مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کردووە.

بەناز رەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەمڕۆ بە داخێکی زۆرەوە دەرگای خوێندنگەکاندا دەکەینەوە، لێدانی زەنگی نوێی خوێندن مانای ئەوە نییە کە پشت لە مامۆستایانی خۆمان دەکەین، بەڵام ئێمە نامانەوێت خوێندکارانمان ببنە قوربانی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمڕۆ لە زۆرینەی خوێندنگەکان بایکۆتی پرۆسەی خوێندن کراوە، بە تایبەت خوێندنگەکانی دەرەوەی شار، چونکە زۆرینەی مامۆستایانی لە وانەبێژانن، گەر ئەوان بایکۆت بکەن تەنها لە سنووری پەروەردەی ئێمەدا سەدان خوێندنگە دەرگاکانیان دادەخرێن”.

ئەمڕۆ بۆ ئەم ساڵی خوێندن یەک ملیۆن و 633 هەزار و 125 خوێندکار لە خوێندنگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن.

شەوی رابردوو یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو کاتە دەوامی خوێندن دەستپێدەکات، کە مووچە دابەشبکرێت، بەو هۆیەوە ئەمڕۆ لە بەشێک لە خوێندنگەکان زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێنەدرا.
هاوکات پێشتریش مامۆستایانی وانەبێژ ئاشکرایانکرد،بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن.

بابەتی پێشتر

یەكێتیی مامۆستایان: بە زووترین كات مووچە دابەشبكرێت و هەر 30 رۆژجارێك بدرێت

بابەتی دواتر

کەمال رەئوف: دەبوو سەرۆکی حکومەت رووی بکردایەتە خەڵکی هەرێم نەک دەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share