سلێمانی هاوینێكی بێ گرفتی لەڕووی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەوە بەڕێكرد

سلێمانی لە دابینكردنی ئاودا هاوینێكی بێ گرفتی بەڕێكرد و بەڕێوەبەری ئاوی شارەكەش دەڵێت، لەڕووی پاكژییەوە بەردەوام پشكنینی بۆ دەكرێت و تەندروستە.

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی هەندێك گرفت هەبوون سەبارەت بە شكانی بۆری، سووتانی بگۆڕ (محاولە) و چەند جارێك پچڕانی تەزووی كارەبا لە پرۆژەی سەرەكیی دابینكردنی ئاو، دەتوانرێت بووترێت سلێمانی هاوینی ئەمساڵی بەبێ گرفت لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بەڕێكرد.

وتیشی، “دەتوانین بڵێین لە ساڵی رابردوو گرفتمان كەمتر بوو، هەندێك هێڵ گۆڕدراوە، چەند ترومپایەكیش گۆڕدراوە و، لەڕێیانەوە توانراوە كێشەكان كەمتر بكرێتەوە”.

لەماوەی 15 رۆژی رابردوودا ئاستی ئاوی سەرچنار دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوە و ئەمەش كاریگەری لەسەر خشتەی دابینكردنی ئاو بۆ هەندێك هەبووە.

بەختیار تاهیر روونیكردەوە، ئاوی سەرچنار بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیووە و توانای زۆر زۆر كەمبووەتەوە، لەئێستادا رۆژانە دوو تا سێ ترومپا بەكاردەهێنرێت، لەكاتێكدا پێشتر رۆژ هەبووە 15 ترومپا كاریكردووە، ئەمەش لە ئاكامی وەرزی ئێستاوە هاتووەتە ئاراوە.

سەبارەت بە پاكژیی ئاویش بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دڵنیاییدا لەوەی ئەو ئاوانەی دابینیدەكەن لەڕێی تۆڕەكانی ئاوەوە بێت یاخود لەڕێی شەمعەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان و ئەو تەنكەرانەش كە ئاوەكە دەگوازنەوە، سەرجەمیان بەردەوام پشكنییان بۆ دەكرێت و هیچ گرفتیان تیانیە لە رووی تەندروستییەوە و پاكژن.

پێچەوانەی سلێمانی، لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر ماوەی دوو مانگە ئاوی ماڵانیان بۆ نەچووە و هاوڵاتییان خۆیان ئاو دەکڕن.

هەریەکە لە گەڕەکەکانی باداوە و فەرمانبەرانی هەولێر بەدەست قەیرانی بێ ئاوییەوە دەناڵێنن وەک خۆیان دەڵێن، “لە جەژنی قوربانەوە ئاویان بۆ نەچووە”، دانیشتووانی گەڕەکی فەرمانبەران باس لەوە دەکەن، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا هیچ بەرپرسێک وەڵامی داواکارییەکانی نەداونەتەوە.

سەبارەت بەو گرفتە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە هەولێر سێ مانگە کێشەی گەورەی ئاو هەیە.

پێشتریش ئاماژەی بەوەکردبوو، “هەولێر لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەی بێ ئاویدایە و چارەسەری ریشەیی دەوێت، 55%ی هەولێر پشت بە بیر دەبەستێت، هەموو پرۆژەکانی نیشتەجێبون پشت بەبیر دەبەستن”.

 

بابەتی پێشتر

عێراق هەشتەم وڵاتە لە بەکاربردنی غازدا

بابەتی دواتر

ستایشی ڕاهێنەری نوێی بەرازیل کرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share