بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن
بۆچی پارتی و هاوپەیمانەكانی كەركوكیان هەڵبژارد؟

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارتی و بەشێك لە لایەنە عەرەبییە هاوپەیمانەكانی هەوڵی بانگەشەی پێشوەختە دەدەن، بەرپرسێكی بواری هەڵبژاردن هۆكارەكەی رووندەكاتەوە و دڵنیاییش دەدات، بەهۆی ئەوەی كەمینەن كاریگەرییان لەسەر دۆخەكە نییە.

لەكاتێكدا نزیكەی شەش ساڵە پارتی دیموكراتی كوردستان بنكە و بارەگاكانی لە كەركوك جێهێشتووە، بەمدواییە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی داهاتوو ئەنجامبدرێت، وەرگرتنەوەی یەكێك لە بارەگاكانی كردووەتە مەرج و بیانووی گەڕانەوەی.

ئەمەشی بەمەبەست بۆ جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵك و خۆ رووسووركردن لە بەرامبەر هەڵەكانی حكومڕانیی خۆی و هەڵهاتنی لە كەركوك و خەڵكەكەی بەكاردەهێنێت. لەوەشدا جارێكی دیكە گەنج و دڵسۆزانی كورد لە كەركوك دەكاتە قەڵغان و قوربانی و، خەمساردانە دەیەوێت بە خوێنی هەژاران و خەمخۆرانی كورد پرسی گەڕانەوەی بۆ كەركوك وەك بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن بەكاربهێنێت.

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی هەڵبژاردنی مەڵبەندی دووی رێكخستی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پارتی بە وردی تاوتوێی دۆخی خۆی كردووە، هەموو كاتێك لە كەركوك دەنگ و رەنگی لە هەڵبژاردندا روونە و لەبەرچاویانە.

وتیشی، “بەپێی داتاكان دەنگی پارتی لە هەموو هەڵبژاردنێكدا ناگاتە سنووری 50 هەزار، كە بەراورد بە دەنگی یەكێتی جیاوازییەكە زۆر زۆرە” ئەوەشی روونكردەوە، نەك تەنها ئەوان، بەڵكو لیستی عەرەبیش كە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەیان دەكرد، ئەوانیش بەهەمان شێوە دەنگەكانیان هەر لە كەمیدا بووە.

ئەو لایەنانە رێككەوتنێكی پێشوەختەی ژێربەژێر لەنێوانیاندا هەیە بۆ تێكدانی دۆخی كەركوك و شكاندنی ئیرادەی دەنگدەر، بەرپرسەكەی هەڵبژاردنی یەكێتی وای وت و باسی لەوەشكرد، “پارتی بە دیاریكراوی لە چەند ساڵی رابردوودا كاری لەسەر ئەو بەرنامەیە كردووە كە پاساو بهێنێتەوە بۆ چۆڵكردنی كەركوك. بە بەردەوام لەسەر ئەوە ئیشیان كردووە بڵێن كە ئێمە لەسەر رێگای راستین، لەكاتێكدا شكستێكی گەورە بووە بۆیان. بەو شێوازە دەیانەوێت سۆزی هەندێك خەڵك بەلای خۆیاندا رابكێشن، یان دۆخەكە بشێوێنن، بەو واتایە لە هەردوو بارەكەدا ئەوان هەڵبژاردن لە قازانجیان نییە”.

بەپێی زانیارییەكان لەكۆی نزیكەی 18 بارەگا، پارتی جگە لە بارەگای پێشووی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بینای ئێستای سوپای عێراق سەرجەمیانی وەرگرتووەتەوە.

شێرزاد سەمەد وتی، “مەسەلەی بارەگا هیچ نییە جگە لە بیانوو، بوونی ئەوان لە كەركوك و پشكەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكاندا وەك خۆی ماوەتەوە، لە فەرمانگە سەربازی، ئەمنی و ئیدارییەكان. لە رووی پەیوەندییەكانیش، ئەوان هاوپەیمانن لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە سەپێندراوەی ئێستا كە راكان جبوری نوێنەرایەتی دەكات، روونە كە ئەوان لە دابەشبوونەكانی عێراقدا دابەشبوون بەسەر ئەو هاوپەیمانییەی كە (خەمیس خەنجەر، محەمەد حەلبوسی، راكان جبوری و وەسفی عاسی) تیایە”.

بەپێی راپرسییەك كە بەمدواییە لە تۆڕە عەرەبییەكاندا كراوە، هەریەك لە پارتی و لایەنە عەرەبییەكان بەهۆی پەرتەوازیی لیست و هاوپەیمانێتییەكانەوە دەنگەكانیان كەمدەكات. بەرپرسەكەی یەكێتی وتی، “ئەوان ئەو دەنگە ناهێنن بەراورد بە دەنگی دەنگدەری یەكێتی و ئەو كوردەی لە كەركوك ماوەتەوە، چونكە كوردانی كەركوك زۆرینەی زۆریان یەكێتین”.

دەربارەی ئەوەی ئایا لە خۆپیشاندانەكانی هەفتەی رابردوو و كردنە قوربانیی گەنجاندا، پارتی لەڕووی هەڵبژاردن و دەنگەوە سوودمەند بووە. شێرزاد سەمەد وتی، “بەهیچ شێوەیەك سوودیان لێنەبینووە، رای گەنجان روونە، دۆخێك لە كەركوك دروستبووە، كورد بە بەردەوام هەست بەوە دەكات كە ستەمی لێدەكرێت و دەسەڵاتی نییە و، گوێ بەو دروشم و هوتافانە دەدات كە سەبارەت بە كورد یان ئاڵای كوردستان هەن و عەتفێكی دروستكردووە، بەڵام ئەو عەتفە پارتی سوودی لێنەبینووە”.

بەرپرسەكەی هەڵبژاردنی یەكێتی باسی لە دۆخی حزبەكەشی كرد و روونیكردەوە،”خاڵی بەهێز بۆ ئێمە ئەوەیە كە دەتوانین كۆنتڕۆڵی پێشهاتەكان بكەین. ناسنامەی یەكێتی لەناوخۆی عێراق، ناوچەكە و جیهاندا جەنابی مام جەلالە كە كەركوكی بە دەستە گوڵێك چواندووە، ئەمەش لای خوێندكارانی مام ماوەتەوە”.

وتیشی، “ئەم حزبە میانڕەوە لە سیاسەتدا و بڕوای بە دیموكراسیەت و پێكەوەژیان هەیە و، دەتوانێت دۆخەكە لە خراپەوە بۆ باشتر بگۆڕێت، نمونەش باشترین بڕیار كە یەكێتی لە دوای پیلانگیرییەكانی پاش 16ی ئۆكتۆبەر گرتیەبەر و پیلانێكی هاوشێوە بوو، توانی پوچەڵیبكاتەوە و لەگەڵ خەڵكی خۆیدا لە شارەكەدا بمێنێتەوە. چۆڵنەكردن و دەستگرتن بە خاكەوە یەكێكە لە ئامانجەكانی یەكێتی و ئەوەش لە بەرژەوەندی خەڵك و كوردایەتیدا شكاوەتەوە”.

بۆ داهاتووش زنجیرەیەك سیناریۆی دیكە لە بەردەستی ئەو لایەنە سیاسییانەدایە، بەڵام خۆشبەختانە ئەوانە كەمینەن و كاریگەرییان نییە لەسەر دۆخەكە و دەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەرپرسەكەی یەكێتی وای وت.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر بارهەڵگرێك خۆی كێشا بە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلدا

بابەتی دواتر

سۆران عومەر: پاكتاوی قەرزەكان كێشەی نوێ لە نێوان هەرێم و بەغداد دروستدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەشتی عومرە رادەگیرێت

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایدەگەیەنێت، 18ی ئایاری ئەمساڵ رێگانادرێت هیچ كەسێك بۆ گەشتی عومرە سەردانی سعودیە بكات ئەوەش…
Total
0
Share