ئەنجومەنی وەزیران داوادەكات شایستە داراییەكانی هەرێم خەرجبكرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق دەكات شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجەدا هاتوون، خەرجبکات.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژییەی کرد کە بەرامبەر هاوڵاتییانی سیڤلی کەرکوک کرا کە بەشێوەیەکی زۆر ئاشتییانە خۆپیشاندانیان کرد و ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو ستەمەی لە هاوڵاتییانی کوردی کەرکوک دەکرێت نیشاندا، بەڵام بەداخەوە بە تەقەکردن و خوێنڕشتن وەڵامیان درایەوە، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

ئەنجومەنی وەزیران داواش لە حکومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە هۆی شەهیدکردنی هاوڵاتییانی سیڤیل لە کەرکوک، پێویستە بە زووترین کات رێکاریی یاسایی و قەزاییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2023 کرا، دواتر ئەنجامی گفتوگۆی شاندی دانوستانی هەرێمی کوردستان لە دوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد لەبارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو.

لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتکرایەوە کە “حکومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ هەر هەوڵێک کە پێویست بێت بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم، کە جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەکردنیی شایستەکانی هەرێم لەلایەن بەغداد، مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواکەوتووە، لە کاتێکدا هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێی کردووە”.

جەختیشیکردەوە، لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتیی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆی لە رۆژی 2023/9/3 لە دەرەوەی خشتەکانی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم، بریاریدا کە بە شێوازی قەرز، تەنیا بڕی 500 ملیار دینار لە مانگەکانی 9، 10 ،11 خەرج بکرێت، لە کاتێکدا لە دوای مانگی 6-ەوە، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 خەرج نەکراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەر لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25، هەرێم پابەندییەکانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێکردووە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوادەکات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات، بە تایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە 906 ملیار دینارە تا هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات، هاوشانی مووچەخۆرانی سەرتاسەری عیراق کە مانگانە بەبێ دواکەوتن بۆیان خەرج دەکرێت، بۆیە پێویستە بە هەمان پێوەر، تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە ناو بودجەی عێراق وەک خۆی خەرج بکرێت و بەشێوەیەکی جیاواز و نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکرێت، بەڵکو بەپێی دەستوور و چێوەی بنەمای یەکسانی لە بەرامبەر جێبەجێکردنی یاساکان رەفتاری لەگەڵ بکرێت.

لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم دەکات کە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵات و شایستە دەستووریەکانی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیاری سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم کرا بۆ خستنەڕووی راستییەکان. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسیە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق دەکاتەوە کە شایستەکانی هەرێم وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، خەرجبکرێت و پابەندبن بە مینهاجی وەزاریی و رێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکومەت و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەکات پشتیوانی هەرێمی کوردستان بن لە بەدەستهێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بەپێی دەستوور و رێککەوتنەکان و رێگەنەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێلبکرێن.

بابەتی پێشتر

شارەوانیی سلێمانی شەقامی تونێلی پێشڕەو - سیتەك نۆژەندەكاتەوە

بابەتی دواتر

لەبارەی سیستمی یەكپۆشیی خوێندكارانەوە بڕیارێكی نوێ دەركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share