بە بڕیاری سودانی ئەو كەسانەی پاش رووداوەكانی دوێنێی كەركوك دەستگیركراون ئازاددەكرێن.
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بڕیاریداوە بە ئازادكردنی دەستگیركراوانی رووداوەكانی ئەمدواییەی كەركوك.
بۆ ناڕەزایی نیشاندان بەرامبەر خۆپیشاندانێك كە چەند رۆژێك لەبەردەم بارەگایەكی ئێستای سوپای عێراق و پێشووی پارتی لە كەركوك لەئارادا بوو و بەهۆیەوە رێگای سەرەكیی كەركوك-هەولێر داخرابوو، ئێوارەی رۆژی شەممە ژمارەیەك لە هاوڵاتییانی كورد لە شارەكە خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا و لە ئاكامیدا بارگرژی و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەردوولادا روویدا.
بارگرژییەكانی شارەكە تا درەنگانی شەو درێژەی كێشا و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتیی كورد شەهید و برینداربوون، دواتریش هەڵمەتێكی گەڕان و دەستگیركردن دەستیپێكرد.
لەبارەی رووداوەكانی شارەكەوە دوێنێ ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەلێدوانێكیدا رایگەیاند، ئەم بارودۆخەی كەركوك بارودۆخێكی نەخوازراوە. سەرۆكی یەكێتی و ھەڤاڵانی ئێمە لە كەركوك هەر لەسەرەتاوە لەسەر هێڵ بوون كە ئەم رووداوانە نەگاتە ئەوەی خوێنی تێكۆشەر و لاوانی كورد بڕژێت و یەكێتی پێیوایە بارەگایەك ئەوە ناهێنێ خوێنی لاوانی كوردی لەسەر بڕژێت.
وتیشی، “شاری كەركوك جەمسەرگیریەكی توندی ئیقلیمی و ناوخۆیی لەسەرە، نابێت كەركوك بخرێتە ناو موغامەڕەی سیاسییەوە و سەرۆك بافڵ داوایكرد كە راستەوخۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو بابەتەی لە كەركوك ھەیە چارەسەربكرێت، كێشەكە بۆ ھێزە خۆجێیەكان بەجێنەهێڵدرێت”.
“كاتی ئەوە هاتووە رێگە لەوە بگیرێت كە بارودۆخی كەركوك لەوە ئاڵۆزتربێت و ھەر كاتێك بەرەنگاری شۆڤینی و تیرۆریزم دێتە پێشەوە یەكێتی ئامادەیە خوێن ببەخشێت و ھەموو تێكۆشانێك بكات، بەڵام بەشێك نابین لەسەرچڵی سیاسی لە كەركوك و كارێكی خراپیشە لەبەر موغامەڕەی سیاسی و وەرگرتنەوەی بارەگایەك خوێنی لاوانی كورد بڕژێت” ستران عەبدوڵا وای وت.