وەزارەتی دارایی هەرێم روونكردنەوە لەبارەی ناردنی مووچە و بودجە لە بەغدادەوە دەدات

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی تۆمەتی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەداتەوە لەبارەی مەرزی پەروێزخانەوە و دەشڵێت، “هەرێم پابەندییەكانی یاسای بودجەی جێبەجێكردووە و هیوادارین بەغدادش پابەندبێت و بودجە مووچە رەوانەبكات”.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەوی رابردوو ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لە رۆیشتنی نەوت بە نایاسایی لە مەرزی پەروێزخانەوە كردووە كە ئەو تۆمەتانەی هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستییەوە بە پێچەوانەوە پەروێزخان یەكێك بووە لە باشترین دەروازەكان و ئەو كۆمپانیایانەی كە كاردەكەن رەزامەندیی حكومەتی هەرێمییان هەیە و هەفتەی رابردوو تیمێكی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی مەرزەكەی كردووە و تەواوی داتا و زانیارییەكان خراوەتەبەر دەستیان دەستخۆشی بۆ كارەكانیان كراوە.

هاوكات هێمن نوری بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چاكسازیی تەواو لە خاڵە سنوورییەكان كراوە و ئەو كەسەی ئەو تۆمەتانە دەبەخشێتەوە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستییەوە و ئێمە بە بەڵگە وەڵامی دەدەینەوە بە مافی خۆمانی دەزانین سكاڵا تۆماربكەین.

وتیشی، “پێشتر ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایكردووە كە رێگەی پێبدرێت كاری نایاسایی ئەنجامبدات  بە مافی خۆمانی دەزانین رێكاری یاسایی بەرامبەر بگرینەبەر”.

لەبارەی ناردنی مووچە و بودجەش لە بەغدادەوە، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم وتی، هەرێمی كوردستان سەرجەم پابەندییەكانی یاسایی بودجەی جێبەجێكردووە و هیوادارین بەغدادش پابەندبێت و بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان بنێرێت و بابەتی قووتی مووچەی فەرمانبەران وەك كارتێكی سیاسی دژی مووچەخۆران بەكارنەهێندرێت.

بابەتی پێشتر

ناو نووسین بۆ فەریزەی حه‌ج ده‌ستپێده‌كات

بابەتی دواتر

ئەنجامی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12 راگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تونێلی دەربەندیخان داخرا

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت بەهۆی رژانی ڕۆنی ڕەشەوە لەناو تونێلی دەربەندیخان تونێلەكە داخرا و شۆفێران وەكو رێگای جێگرەوە…
Total
0
Share