دەزگای لوتکە: ژمارەیەک پەنابەر بەزۆر و بێ رەزامەندی لە نەرویجەوە گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاشکرایکرد کە 22 پەنابەری وڵاتی نەرویج کە هەندێکیان 20 ساڵە لەو وڵاتەن بە زۆر و بەبێ رەزامەندی گەڕێنراونەتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا ئاری جەلال دەڵێت، لە 13ی ئەم مانگە دەزگاکەیان ئاگادارکراوەتەوە کە 22 پەنابەری عێراقی لە وڵاتی نەرویجەوە دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە، بەبێ ویست و رەزامەندیی خۆیان.

بەپێی راگەیەندراوەکە لەو 22 پەنابەرە عێراقییە 19یان کوردی هەرێمی کوردستان و سیانەکەی دیکە لە نەتەوەی عەرەبن.

سەبارەت بەو پەنابەرانە سەرۆکی دەزگای لوتکە دەڵێت، بەدواداچوونی وردیان کردووە و گفتوگۆیان لەگەڵ پەنابەرەکان کردووە سەبارەت بە هۆکاری دیپۆرتکردنەوەیان.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکانی دەزگای لوتکە، پەنابەرەکان تێیاندایە 17 ساڵ و پەنابەریش هەیە 20 ساڵە لەو وڵاتەن و ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە و خاوەنی منداڵن.

لەبارەی هۆکارەکەیەوە پەنابەرەکان رایانگەیاندووە کە تا ئێستا لەو وڵاتە هیچ تاوان و کارێکی نایاساییان ئەنجامنەداوە، تەنها ئەوە نەبێت کە مافی مانەوەیان نەبووە لەو وڵاتە.

باسیان لەوەکردووە، پێش ئەوەی دیپۆرتی عێراق بکرێنەوە ماوەی مانێگ و 24 رۆژ  دەستبەسەربوون لە بەندینخانەیەکی نەرویج، دواتر بەرەو عێراق دیپۆرتکراونەتەوە بەبیانوی نەبوونی مافی مانەوە لەو وڵاتە لە ڕووی یاسایەوە.

پەنابەرەکان دەڵێن، “دواتر بۆ ماوەی 8 کاتژمێر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی  بەغداد راگیراوین بەبێ ئەوەی هیچمان پێبڵێن ،دواتر رەوانە بەندینخانە کراوین و 3 رۆژ لەوێ ماوینەتەوە بەشێوەیەکی ناڕەوا مامەڵەمان لەگەڵداکراوە،  دواتر ئازاد کراوین”.

دەزگای لوتکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەپێی بەدواداچوونەکانیان، هەر یەک لەو پەنابەرانە سیناریۆیەکیان بۆدروستکراوە بۆ ئەوەی ناردنەوەکەیان بە یاسای بکرێت.

هەر بە پێی بەدواداچونەکانی دەزگای لوتکە ،لە دیپۆرکراوەکاندا پەنابەری تێدایە ماوەی 20 ساڵە لەوێ دەژی و خاونی 5 منداڵە.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەکان: ئێمە کۆتا نەوە دەبین کە دارستانەکانی ئەمازۆن دەبینین

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی لیستی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share