بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بکوژی دوو مامۆستاکەی زانكۆ لە هەولێر دەرچوو

دادگای هەولێر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بكوژی هەردوو مامۆستاكەی زانكۆ دەركرد و كەسوكاری مامۆستاكانیش داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەن واژووی بڕیارەكە بكات بەمەبەستی جێبەجێكردنی.

برزۆ سەعید، پارێزەری هەردوو مامۆستای كوژراوی زانکۆ (دکتۆر کاوان و دکتۆر ئیدریس) ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، دادگای بەرایی هەولێر لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دوو سزای لەسێدارەدانی بۆ تۆمەتباری بكوژ بە كۆی دەنگ دەركرد.

وتیشی، بڕیارەكەی دادگا رەوانەی دادگای پێداچوونەوە دەكرێت، بە پەسەندكردنی لەلایەن ئەو دادگایەوە، رەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت.

یاسای سزای لەسێدارەدان بەركارە، وەك ئەوەی برزۆ سەعید ئاماژەی پێدا و وتی، “بەڵام 450 كەسی لەسێدارەدان هەیە كە تائێستا جێبەجێنەكراوە و لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە واژوویان لەسەر ناكرێت”.

دەربارەی ئەوەی ئایا سزای تاوانباری ئەم كەیسە جێبەجێ ناكرێت، پارێزەری قوربانییان وتی، “دەكرێت سەرۆكایەتیی هەرێم واژووی لەسەر بكات”و دواتر جێبەجێ بكرێت.

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەدا بە نوێنەرایەتیی كەسوكاری هەردوو مامۆستا كوژراوەكەی زانكۆ داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێم كرا واژوو لەسەر بڕیارەكە بكات بەمەبەستی جێبەجێكردنی.

لە 28ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو خوێندكارێك تەقەی لە د. كاوان ئیسماعیل ئیبراهیم، راگری كۆلێژی یاسا لە زانكۆی سەڵاحەدین و ئیدریس عیزەت، مامۆستای بەشی میكانیكی كۆلێژی ئەندازیاریی هەمان زانكۆ كرد و كوشتنی.

جگە لە كوژرانی ئەو دوو مامۆستایە لەو رووداوەدا كارگوزارێكی كۆلێژی یاسای زانكۆی سەلاحەدین برینداربوو.

بابەتی پێشتر

وەزیری تەندروستی: هەشت حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆماركراوە

بابەتی دواتر

رێنمایی نوێ لەبارەی قوربانیکردنەوە بڵاوکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share