پەرلەمانتارێك روونكردنەوە لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەدات

یاسای بودجە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە پەسەندكرا و پەرلەمانتارێك هەنگاوەكانی داهاتوو بۆ جێبەجێكردنی یاساكە رووندەكاتەوە.

ئەمڕۆ یاسای بودجەی گشتیی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 لەلایەن لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق پشتبەست بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی 73ی دەستوور پەسەندکرا.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە دوای ئەم قۆناغە پشتبەست بە بڕگەی سێیەمی ماددەی 78ی یاساکە کە لە 12ی ئەم مانگە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تشریع کرا، پێویستە یاساکە لە رۆژنامەی فەرمی (وقائعی عێراقی) بڵاوبکرێتەوە، لەدوای ئەوەش یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەحکامەکانی لە بەرواری 2023/1/1 بەرکاردەبێت.

وتیشی، “پشتبەست بە بڕگەی یەکەمی ماددەی 78ی یاساکە دەبێت وەزیری دارایی بە هەماهەنگی وەزیری پلاندانان رێنمایی جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات، بەم جۆرەش چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا یاسای بودجەی گشتیی عێراق بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

ئەم بودجەیە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی دەوڵەتی عێراق بۆ سێ ساڵ پەسەندبکرێت، پشتبەست بە بڕگەی دووی مادەی چواری یاسای ژمارە شەشی ئیدارەی مالیی ساڵی 2019، وەك ئەوەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، “لەگەڵ ئەوەش پشتبەست بە ناوەڕۆکی هەمان ماددە و، بڕگەی دووی ماددەی 77ی یاسای بودجە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران خشتەی نوێی داهات و خەرجی بۆ هەردوو ساڵی 2024 و 2025، پێش كۆتاییهاتنی ساڵی دارایی پێش خۆی بنێرێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە مەبەستی پەسەندکردنی”.

بابەتی پێشتر

سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی پەسەندکرد

بابەتی دواتر

دەربەندیخان.. بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون چەند رێوشوێنێك دەستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share