ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری حكومەتی ناوەند دەربارەی یاسای سیستمی نوێی مووچە ئاشكرادەكات.
عەلی شەداد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی ناوەند بڕیاریداوە یاسای هەمواری سیستمی مووچەی فەرمانبەران بۆ دوای ساڵی 2023 دوابخات.
وتیشی، “یاساكە بەردەوام دەوروژێندرێت، پەیوەندیشی بە ترس و نیگەرانی فەرمانبەرانەوە هەیە سەبارەت بە كەمبوونەوەی بڕی پارە و دەرماڵەكانیان، بۆیە حكومەت بڕیاریدا بە دواخستنی بۆ دوای ئەمساڵ”.
چاوەڕوان دەكرا دوابەدوای پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراق، ئەو یاسایە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران.
لەكاتێكی پێشتردا مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیستمی نوێی مووچە پێویستی بە سازانی سیاسییە بۆ تێپەڕاندنی.
وتیشی، “سیستمەكە تاوتوێی پرسی مووچە دەكات بە دوو ئاراستە، یەكەمیان مووچە كەمەكانی فەرمانبەران و خانەنشینان لەڕێی زیادكردنی و لەبەرچاوگرتنی بژێویی ژیان، دووەم گۆڕینی مووچە زۆرەكان بە ئاراستەی دیاریكردنی سنوورێك بۆیان، بەتایبەت ئەوانەی بە چەند یاسایەك لە دوای ساڵی 2003ەوە دەرچوون، یان ئەو ئیمتیازاتانەی بە هەندێك دەبەخشرێت بەبێ ئەوانەی دیكە لە هەمان پلەی وەزیفیدا”.