نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاوارەبوون لە جیهاندا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە

کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، ژمارەی ئاوارەکانی جیهان بازێکی گەورەی داوە و گەیشتووەتە 110 ملیۆن کەس، باسی لەوەکرد کە ئەو دۆخەی لە ئۆکرانیا و سودان دروستبووە ملیۆنان کەسی ناچار بە ئاوارەبوون کردووە.

رێکخراوی UNHCR لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، ژمارەی پەنابەران بە نزیکەیی 19 ملیۆن کەس بۆ 108.4 ملیۆن کەس زیادیکردووە، ئەوەش گەورەترین زیادبوونی ساڵانەیە کە تا ئێستا تۆمارکراوە.

فلیپۆ گراندی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو بەرزبوونەوە زۆرەی ئاوارەبوون سەرکۆنەکردنی رەفتارەکانی وڵاتانی جیهانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “تادێت پێشبینیکردنی چارەسەرەکان قورستر دەبێت، ئێمە لە جیهانێکی زۆر جەمسەرگیرداین، کە گرژییە نێودەوڵەتییەکان بزوێنەری پرسە مرۆییەکانن”.

راپۆرتەکە دەریخستووە کە لە ماوەی دوو دەیەی پێش شەڕی سوریا کە لە ساڵی 2011 سەریهەڵدا، ئاستی جیهانی نزیک بوو لە سەقامگیری لە نزیکەی 40 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە، بەڵام لەوکاتەوە ئاستەکە ساڵانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە هەر 74 کەس زیاتر لە کەسێک لە ئێستادا ئاوارەن .

گراندی هۆکاری قەیرانەکەی بۆ ململانێ، گۆشەگیری، هەڵاواردن، توندوتیژی و گۆڕانی کەشوهەوا گەڕاندەوە، نزیکەی نیوەی کۆی گشتیی پەنابەران و ئەوانەی پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە تەنها لە سێ وڵاتەوە دێن، سوریا، ئۆکرانیا و ئەفغانستان .

 

بابەتی پێشتر

پەیامە مەترسیدارەکەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا بۆ مرۆڤایەتی

بابەتی دواتر

هەولێر.. رووداوێکی هاتوچۆ مردنی کەسێک و برینداربوونی چواری دیکەی لێکەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وێنە.. چەکدارانی تاڵیبان لە یۆنان

میدیاکانی یۆنان بڵاویانکردەوە کە دانیشتووانی شاری “کەلەماتە” پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کردووە کە گوایە چەکدارانی تاڵیبان بەسەر شەقامێکی سەرەکیی…
Total
0
Share