راوێژكاری سودانی زانیاری لەبارەی رێگای گەشەپێدانەوە بۆ “ئێستا” ئاشكرادەكات

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نوێنەرانی نۆ وڵاتی بانگێشتی بەغداد كرد بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” و چۆنێتیی دەستكردن بە جێبەجێكردنی، راوێژكارەكەشی چەندین زانیاری لەبارەی پڕۆژەكەوە بۆ “ئێستا” ئاشكرادەكات.

هیشام ركابی راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، زانیاریی وردی لەبارەی پڕۆژەكەوە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشكراكرد و وتی، “رێگای گەشەپێدان كە بڕیارە لە نێوان عێراق و توركیادا دروستبكرێت، وڵاتانی قەتەڕ، عوممان، ئیمارات، سعودیە، كوەیت، عێراق، ئوردن، سوریا و ئێران بە توركیا و ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و بریتییە لە هێڵێكی ئاسنینی ئابوری بۆ گواستنەوەی كاڵا و شمەك و رێگایەكی خێرای هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەكان”.

راشیگەیاند، “بودجەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەكە 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ راكێشانی هێڵی ئاسنینە و 6.5 ملیار دۆلاریش بۆ دروستكردنی رێگای خێرای هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر”.

لە لێدوانەكەیدا بۆ ئێستا، راوێژكارەكەی سودانی زانیاریی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بەغداد سەبارەت بە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان خستەڕوو و وتی، “وەزیرانی پەیوەندیداری وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو و ئێران و سوریا و توركیا، بانگێشتی بەغداد كراون و لە كۆنگرەیەكی تایبەت بە پڕۆژەكە لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا كۆبوونەوە”.

ئەو هێڵی شەمەندەفەری پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” لەخۆیدەگرێت، درێژییەكەی 1200 كیلۆمەترە و بە 10 پارێزگای هەرێمی كوردستان و عێراقدا گوزەردەكات و شەمەندەفەرەكانی كارەبایی دەبن و بە تەكنەلۆژیای نوێ كاردەكەن. بەپێی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، پڕۆژەكە هەموو پێداویستی و تایبەتمەندییەكی سەردەم لەخۆدەگرێت و ئامانج لە جێبەجێكردنی، بەستنەوەی بەندەری فاوە بە توركیاوە، بەوەش هاتوچۆكردنی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەكان لە بەسڕەوە تا توركیا دەستەبەردەكات و عێراق، وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی كەنداو بە بازاڕەكانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

لە كۆنگرەكەی ئەمڕۆدا لە بەغداد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، بە وەزیر و نوێنەرانی وڵاتانی بەشداری وتووە، “ئەم پڕۆژەیە بە كۆڵەكەیەكی ئابوریی نانەوتی و خاڵێكی پێكەوە گرێدان دەبینین، كە خزمەت بە دراوسێكانی عێراق و ناوچەكە دەكات و روو لە تەواوكاریی ئابوری هەنگاودەنێت”.

لەبارەی هەمان پڕۆژەوە، لیژنەی گواستنەوە و ئابوری لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ شەممە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “رێگای گەشەپێدان دەبێتە وەبەرهێنان بۆ وڵاتانی بەشدار و هەر وڵاتێكیش دەتوانێت بەشێكی پڕۆژەكە جێبەجێبكات و بەوەش لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا تەواودەكرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لە هەولێر پێشوازی لە پاتریک دۆرێڵ، باڵیۆزی…
Total
0
Share