بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنی یەكێتی لە دانیشتنی دوێنێ پەرلەمان بەرزدەنرخێنێت و بە رێگری لە کارێکی یاساشکێنی و سەرخستنی ئیرادەی خەڵک ناویدەبات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەریەك لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕیی یەكێتی و ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە دەباشان پێشوازیان لە سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ستایشی رۆڵی مێژوویی و ئازایانەی فراکسیۆنی یەکێتی کرد و پشتیوانی تەواوی یەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دووپاتکردەوە کە لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێگریان لە کارێکی یاساشکێنی کرد و ئیرادەی خەڵکیان سەرخست و رێگرییان لە شکاندنی شکۆی پەرلەمان گرت و وتی، “هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەکێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموکراسی بوو کە دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵکەوە نەکرێت”.
سەرۆکی یەكێتی راشیگەیاند، لە سەرەتای دروستبوونی کێشە سیاسی و یاساییەکانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەکێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاری بۆ سازان و رێککەوتنی نیشتمانی کردووە و ھەنگاوی پێویست نراوە لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کە یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و ھاوتەریب کۆمسیۆنیش کارابکرێتەوە و “دوور لە خۆسەپێنی خواستی کۆمەڵانی خەڵکی تێدا جێبەجێ بکرێت و کورسی کۆتاکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بەکارنەهێرێت وەک ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات، روویدا”.
لەبارەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیانەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، لە سەرەتاوە داوامانکردووە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەکاندا بەکارنەهێنرێن.
هاوكات وێڕای هەڵوەستەکردن لەسەر دۆخی گشتیی هەرێم و عیراق، بەرچاوڕوونی دایە پەرلەمانتارانی یەکێتی و داوایکرد، وەک هەمیشە پشتبەستوو بە یاسا لە سەنگەری بەرگری لە مافەکانی خەڵکدا بن و رێگەنەدەن دامەزراوەی شەرعی و یاساییەکان بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەکاربهێنن و شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکان لەکەداربکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی گەشبینی خۆشی نیشاندا کە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەل و وڵات ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین و داوایکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا بکەن. وتیشی، دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ئەرکی لەپێشینەمان بێت.
سەرۆكی یەكێتی وتیشی، “سەرباری ئەو كێشەیەی لە پەرلەمان روویدا، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەسەر باوەڕە نەگۆڕەكانی خۆی سوورە و دەرگای بۆ هەموو گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنێك كراوەیە كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد بێت لە وادەی خۆیدا”.