سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایدەکات، هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەویی نابێت.
د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بەرمەبنای دانیشتنی ژمارە چواری رۆژی دووشەممە 22ی 2023 کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددە (18) لە پەیڕەوی ناوخۆ پێیدراوە و تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ کراو دواخراوە و کۆتایی پێهات”.
ئاشکراشیکرد، “هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەپێی بڕگەی (11)ی ماددەی (18) دەسەڵاتی واژووکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان دایە و بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەکەسی تر نەداوە مومارەسەی بکات، بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژووی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە”.