عێراق هێڵێكی شەمەندەفەر و رێگای خێرا بە 17 ملیار دۆلار رادەكێشێت

“رێگای گەشەپێدان” كە بڕیارە لە نێوان عێراق و توركیادا دروستبكرێت و بریتییە لە هێڵێكی ئاسنینی ئابوری بۆ گواستنەوەی كاڵا و شمەك و رێگایەكی خێرای هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر، بودجەی بۆ تەرخاندەكرێت و بڕیارە لە ساڵی 2028ـدا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

كۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنینی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، “تێچووی راكێشانی هێڵی ئاسنین 10.5 ملیار دۆلارە و 6.5 ملیار دۆلاریش بۆ دروستكردنی رێگای خێرا تەرخاندەكرێت، بەوەش كۆی تێچووی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان 17 ملیار دۆلارە”.

بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و توركیا، پڕۆژەكە هەموو پێداویستی و تایبەتمەندییەكی سەردەم لەخۆدەگرێت و ئامانج لە جێبەجێكردنی، بەستنەوەی بەندەری فاوە بە توركیاوە، بەوەش هاتوچۆكردنی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەكان لە بەسڕەوە تا توركیا دەستەبەردەكات و عێراق بە بازاڕەكانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

ئەو هێڵی شەمەندەفەری پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” لەخۆیدەگرێت، درێژییەكەی 1200 كیلۆمەترە و بە 10 پارێزگای هەرێمی كوردستان و عێراقدا گوزەردەكات و شەمەندەفەرەكانی كارەبایی دەبن و بە تەكنەلۆژیای نوێ كاردەكەن، وەك وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشكرایكردووە.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی دەدات

بابەتی دواتر

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئامارەکانی لەسێدارەدان لە جیهاندا روو لە بەرزبوونەوەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share