دوای دوو هەفتە لە دەستگیركردنی، ئەمڕۆ سێشەممە چالاكوانی شاری هەولێر عەلی مەحمود ناسراو بە عەلی سیاسی بڕیاری ئازادكردنی بە كەفالەت دەركرا.
بڕیارەكە لەلایەن دادگای هەولێرەوە دراوە و ئازادكردنەكە بە شێوەی دەستەبەری “كەفالەت”ـە، ئەوەش دوای ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە دێت كە لە ئەنجامی دەستگیركردنی ناوبراوەوە سەریهەڵدا.
بەرەبەیانی رۆژی 25ـی مانگی نیسانی رابردوو، هێزێکی ئەمنی چووەسەر ماڵی عەلی مەحمود چالاکوانی سیاسی لە شاری هەولێر و دەستگیریكرد.
دواتر هێزە ئەمنییەكان دانپێدانانی ئەو چالاكوانەیان بڵاوكردەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە “بە تۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتباری كوشتن دەستگیركراوە”.
دەستگیركردنی عەلی مەحمود، لە یەكەم رۆژەوە شەپۆلێكی فراوانی ناڕەزایەتیی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی چالاكوانانی دەرەوە بە دوای خۆیدا هێنا و داوای ئازادكردنی دەكرا.