لەماوەی چوار مانگی رابردوودا 20 حاڵەتی گیانلەدەستدانی كرێكاران وەك قوربانییانی رووداوەكانی شوێنی كاركردن لە هەرێم و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان تۆماركراون.
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی تەندروستی و سەلامەتی لە شوێنی كاردا ئەمڕۆ ئاماری قوربانییانی رووداوەكانی شوێنی كار بڵاوكرایەوە.
بڵاوكراوەی دەنگی كرێكار، كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندە بە كرێكاران ئامارەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا 59 كرێكار بەهۆی رووداوەكانی كارەوە گیانیان لەدەستداوە كە بەپێی شارەكان بەمجۆرە بووە، (هەولێر 24 گیانلەدەستدان، سلێمانی 21، دهۆك 9 و هەڵەبجە 5).
ئاشكراشیكرد، لە چوار مانگی ئەمساڵدا 20 كرێكار لە رووداوەكانی شوێنی كاردا بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە (هەولێر 5 گیانلەدەستدان، سلێمانی 6، هەڵەبجە 1، دهۆك 2 و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم 6).
بەمەش لەماوەی 16 مانگدا 79 كرێكار بوونەتە قوربانی، وەك ئەوەی بڵاوكراوەكە ئاماژەی پێدا و ئاشكراشیكرد، جیا لەو ژمارەیە هەزاران كرێكاری دیكە بەهۆی رووداوەكانەوە بریندار و كەمئەندام بوون.
دەربارەی بڵاوكردنەوەی ئامارەكەش ئاشكراكرا بۆ ئاگاداری و سەرنجڕاكێشانی رای گشتییە بەوەی “شوێنەكانی كار ناسەلامەتە و لەلایەن كۆمپانیا و خاوەنكارانەوە گرنگی بە سەلامەتی و دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆپارێزی نادرێت” تا فشار بۆ دەستەبەركردنیان بكرێت.
لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رۆژی 28ی نیسان بە رۆژی جیهانیی تەندروستی و سەلامەتی لە شوێنی كار-دا دیاریكراوە.