لێكۆڵەرێكی ئەمریكی: کۆشکی سپی چوونی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا قەدەغە کردووە

مەسرور بارزانی

لێكۆڵەرێكی ئەمریكی دەڵێت، نیگەرانییەکان لەسەر گەندەڵی و ناجێگیری و توانای مەسرور بارزانی لە پەرەسەندندان و ئاشكراشیدەكات، کۆشکی سپی چوونی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا قەدەغە کردووە.

مایكڵ رۆبن، نووسەر و لێكۆڵەری ئەمریكی لە نوێترین وتاریدا لەژێر ناوی (پێویستە کۆنگرێس باشتر ئاگاداری دابینکردنی بودجە بێت بۆ هێزە بییانییەکان) دەڵێت، کاتێک لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا مانگی رابردوو سەردانی عێراقی کرد، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان كۆبووەوە، بەڵام رەتیکردەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی-ی ئامۆزایدا كۆببێتەوە.

رۆبن دەشڵێت، “ئەوە سوکایەتییەکی بە ئەنقەست بوو؛ کاربەدەستانی حکومەتی ئەمریکا دەڵێن کۆشکی سپی مەسرور-یشی لە خاکەکەی خۆیان قەدەغە کردووە. نیگەرانییەکان لەسەر گەندەڵی و ناجێگیری و توانای مەسرور بارزانی لە پەرەسەندندان. مەسرور کە هەڵگری مافی مانەوەی هەمیشەیی ئەمریکایە، داوایەکی یاسایی لە ئەمریكا بەردەوامە لە دژی، کە کەیسەکە لەسەر ناوزڕاندن و مەترسی لەسەر ژیانی کەسێکە”.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کەوتە خوارەوە، لەکاتێکدا کە کاروانێکی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا و جەنەراڵ مەزلوم عەبدی سەرکردەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فڕۆکەخانەکە بوون، تیمەکەی مەسرور بارزانی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە قوربانییەکانی خەتابار کردبوو. وەك ئەوەی ئەو لێكۆڵەرە ئەمریكییە دەیڵێت و ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەمەش بووە هۆی بێزارکردنی واشنتۆن، چونکە مەزڵوم عەبدی و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەمریکییەکان پێکەوە بوون بۆ هەماهەنگیکردن لەسەر ئۆپەراسوێنەکانیان لە دژی داعش”.

مایكڵ رۆبن كە پێشتر راوێژکاری پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران بووە ئەوەش ئاشكرادەكات، لە دوای چەند هەفتەیەک، مەسرور بارزانی هێشتا هەر سوورە لەسەر داواکارییەکانی و بە بەرپرسانی ئەمریکی و ژەنەراڵێکی بەریتانی وتووە، ئەگەر سەرەتا بەربەستی گەشتەکان بەسەر ئاسمانی کوردستانی عێراق لەگەڵ ئەودا پاکنەکەنەوە و لایاننەبەن، ئەوا گەرەنتی سەلامەت مانەوەی فڕۆکەکانیان ناکات. ئەم جۆرە لێدوانانە نەک هەر دژایەتی بەغداد دەکەن کە بەرپرسیارە لە ئاسمانی عێراق، بەڵکو خۆبەزلزانینی مەسرور دەخاتە سەرووی رووبەڕووبوونەوەی سەرکەوتووی تیرۆرستانەوە.

دووپاتیشیدەكاتەوە، ئەوەی داواکارییەکانی مەسرور زیاتر نەگونجاو دەکات ئەوەیە کە بە درێژایی ئیدارەی ترەمپ و بایدن، ئەمریکا ساڵانە بە بڕی نزیکەی چارەکە ملیارێک دۆلار یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگەی داوە. حکومەتی ئەمریکا لەجیاتی ئەوەی راستەوخۆ پارەی پێشمەرگە بدات، ئەو پارانە لە رێگەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی بارزانیدایە دابەشدەکات و بەشێکی زۆریشی دیارنامێنێت، زۆرێک لە پێشمەرگەکان، بە تایبەت ئەوانەی خزمەت بە ئەجێندای سیاسی شەخسی مەسرور یان عەشیرەتەکەی ناکەن، دەڵێن مووچەکانیان وەرنەگرتووە. “زۆر شتێکی پێکەنیناوییە کە واشنتۆن بەردەوامە لە ناردنی بودجە بۆ میلیشیای شەخسی مەسرور و لەکاتێکدا کە ئەو هەڕەشە لە ئەمریکییەکان دەکات”.

لە كۆتاییشدا مایكڵ رۆبن دەڵێت، كاتێك كە هاوکارییەکان بە شێوەیەکی راست و دروست دەگەن بەشوێنی خۆیان، دەتوانن رەوتی شەڕێک بگۆڕن. هێزەکانی سوریای دیموکراتی مەزلوم عەبدی یەکێکە لەو نمونانە. ئەو پارەیەی کە دابیندەکرێت ناتوانێت پێوەرێک بێت، هەروەها نابێت دیپلۆماتکاران و راهێنەرانی سەربازی ئەو ئەجێندا ناوخۆیی و خێڵەکییانە پشتگوێبخەن کە دەکرێت ئۆپەراسیۆنەکان پێچەوانە بکاتەوە. ئەگەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پێنتاگۆن بەشێوەیەکی دروست سەرپەرشتی و هەڵسەنگاندنی ئەو هێزه ناوخۆییانه نەکەن کە باجدەرانی ئەمریکا پشتیوانیان لێدەکەن، کاتی ئەوه هاتووه کۆنگرێس ئەوه بکات. لەم نێوەندەدا کاتی ئەوە هاتووە دابینکردنی بودجە بە داناب و پێشمەرگە رابگیرێت و رەوانەی ئەو هێزانە بکرێت کە بەڕاستی دژی داعش و ئەلقاعیدە دەجەنگن و قوربانی دەدەن وەک هێزەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کوردستانی عێراق و سۆماڵیلاند لە ئەفریقا.

بابەتی پێشتر

پێرێز تەکتیکی چوامینی لەگەڵ بێلینگهام بەکاردەهێنێت

بابەتی دواتر

دژەتیرۆری عێراق: بە هاوكاریی دژەتیرۆر لە سلێمانی دوو داواكراو دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share