ئومێد بەرۆشكی دوای ئازادكردنی: خەڵکی بادینان لەم هەوڵە ترسنۆكانە گەورەترن

ئومێد بەرۆشكی ئازادبوونی رادەگەیەنێت و دەڵێت، ئەم هەوڵانە نە دەمانترسێنن و نە دەمانوەستێنن، بە گشتیش خەڵکی بادینان لەم هەوڵە ترسنۆك و شکستخواردووانە گەورەترن.

ئومێد بەرۆشكی، رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان رایگەیاند، “بەداخەوە ئەمڕۆ لە بەردەوامیی هەوڵە شکستخواردووەكانی دەسەڵات لە بەرامبەر دەنگی ئازادی بادینان، هێزێك هاتە سەرمان و لەگەڵ هاوڕێم (یاسر عەبدولرەحمان) بە كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانمەوە دەستبەسەرکراین و رەوانەکراین بۆ ئاسایشی دهۆك بێ ئەوەی بزانین لەسەر چ بابەتێك بووە”.

دەشڵێت، لەدوای کاتێکی کەم رێگەیان پێدان بگەڕێنەوە، بەڵام تا ئێستا کەلوپەلەکانیان لای ئەوان ماونەتەوە.

ئەو چالاكوانە دووپاتیشیدەكاتەوە، “بەردەوام دەبین لەسەر کار و بیروباوەڕمان، ئەم هەوڵانە نە دەمانترسێنن و نە دەمانوەستێنن، بە گشتیش خەڵکی بادینان لەم هەوڵە ترسنۆك و شکستخواردووانە گەورەترن کە پێی بێدەنگ ببن”.

هەروەك هیوای ئازادی بۆ هاوڕێیانی چالاكوان و رۆژنامەنووسی ناو زیندانی دەخوازێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی، دەستگیركردنی بەرۆشكی-یان لەلایەن هێزێكی ئەمنیی دهۆكەوە راگەیاند.

بەرۆشكی لە شوباتی ساڵی رابردوو ئازادكرا، دوای ئەوەی لە 15ی ئایاری ساڵی 2020، یەك رۆژ پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، لەگەڵ بەدەل بەرواری-دا كە رێکخەرانی سەرەکیی گردبوونەوەکە بوون، لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکران.

هەڵمەتەكە چەندین چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكەی گرتەوە و زۆرینەیان تۆمەتی “تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی”یان رووبەڕووكرایەوە.

ئومێد بەرۆشكی دوای رووداوی رفاندن، لێدان و سەرتاشینی محەمەد یابە-ی پارێزەر لە هەولێر لە پۆستێكدا لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نووسی، “ئەو نەخۆشیی سەرتاشینە، سەرجەم بەندكراوانی بادینان لە زیندان بینیویانە، بۆیە ئێمە بە باشی لە ئازاری پارێزەرەكەی هەولێر دەگەین”.

بابەتی پێشتر

میدیای فەرمیی یەكێتی: بەڵێنەكانی باش و مژدەبەخش بوون

بابەتی دواتر

پێش چەند خولەکێک لە دەرچوونی، سپەیس ئێکس لە هەڵدانی موشەکەکەی پاشگەزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share