بەهۆی پابەندنەبوونی بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەكانەوە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی “ئۆپتی چیكن” كارگەی ئامادەكردنی شاورمەی لە گەڕەكی بەكرەجۆ داخست.
بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە لەكاتی سەردانی لیژنەكان بۆ ئۆپتی چیكن، دەركەوتووە لەگەڵ ئەوەی پابەندی مەرجەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەكانی دیكەی كاركردن نابێت، بە نرخی گۆشت و مریشكی فرێش، شیشە شاورمەكانی بەخواردەمەنییەكان دەفرۆشێت، بڕیاردرا بە داخستنی و خاوەنەكەشی روبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەكۆگاكە بە شێوەیەكی ناتەندروست گۆشت و مریشكی بەستووی خاوكردوەتەوە، بەهۆی خراپبوون و نەشیاوی بۆخواردن دەستبەسەر بڕی (81) كیلۆگرام گۆشتی بەستوو لەگەڵ (228) كیلۆگرام مریشكی بەستوودا گیراوە و و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانییەوە لەناودەبرێت.