سەنتەری میترۆ: كەرامەت لە پێش مافەوەیە

سەنتەری میترۆ پێشێلكردنی یاسا و هەڵسوكەوتە نایاساییەكان ئیدانە دەكات و پشتبەست بە ماددەی یەكەمی راگەیاندنی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، كەرامەت لەپێش مافەوەیە.

سەنتەری میترۆ راگەیەندراوێكی لەبارەی رفاندن و پەلاماردانی پارێزەر (محەمەد یابە سۆفی) لە هەولێر بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا رووداوی هاوشێوە لە شارەكانی هەرێمدا روویانداوە، هاوڵاتییان لە ئاكامی كێشەی كۆمەڵایەتی یان ناكۆكییە سیاسییەكان و وەك تۆڵەكردنەوەی ناكۆكیی كەسی ئەنجامیاندەدا، دواهەمینیان سەرتاشینی هونەرمەندێكی میللی لە هەولێر و بڵاوكردنەوەی گرتەكەی بوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە كۆتایی ئازاری رابردوودا.

سەنتەری میترۆ دەشڵێت، “بە توندی سەرجەم پێشێلكارییەكانی یاسا و هەڵسوكەوت لە دەرەوەیدا ئیدانەدەكات” هەروەك ئیدانەی رفاندنی ئەو پارێزەرە و ئەشكەنجەدانی دەكات و بە دەستبردن بۆ كەرامەتی مرۆیی هاوڵاتی و پێشێلكردنی گەورەی یاسا ناودەبات.

داواش لە هێزە ئەمنییەكان دەكات لێكۆڵینەوەی بەپەلە لە دۆسیەكەدا بكەن و، تۆمەتباران دەستگیربكەن و رووبەڕووی سزای توندی یاسایان بكەنەوە تا ببنە وانە بۆ ئەوانی دیكە و، بۆ ئەوەی رووداوی لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە، چونكە ئەوە هێرشە بۆسەر یاسا و بەها كۆمەڵایەتییەكان، جگە لەوەی پێشێلی سەرجەم پاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانە كە عێراق پێیانەوە پابەندە.

سەنتەری میترۆ لە كۆتایشیدا دەڵێت، لە ماددەی یەكەمی راگەیەنراوی جیهانیی مافەكانی مرۆڤدا هاتووە “هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایكدەبن و یەکسانن لە کەرامەت و مافدا، عەقڵ و ویژدانیان پێبەخشراوە و، دەبێت بە رۆحی برایانە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن” وشەی کەرامەت پێش وشەی مافەکان دێت، چونکە کەرامەت بنەمای هەموو مافەکانە.

شەوی رابردوو لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە محەمەد یابە سۆفی پارێزەری راوێژكار لە هەولێر رفێندرا و بۆ ماوەی سێ كاتژمێر رووبەڕووی ئەشكەنجە و لێدان بووەوە، بەر لەوەی لەلایەن رفێنەرانەوە بە هەڕەشە و مەرجی تۆمارنەكردنی سكاڵا ئازادبكرێت.

بابەتی پێشتر

شارەوانیی سلێمانی جۆرێک لە یارییەکانی سەر شەقامەکان قەدەغەدەکات

بابەتی دواتر

ئەستۆن ڤێلا 3-0 نیوکاسڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share