رێبوار محەمەد: بەبێ وەبەرهێنان رێككەوتن لەگەڵ بەغداد شكستخواردوو دەبێت

رێبوار محەمەد پسپۆڕی بواری گرێبەستەكانی نەوت دەڵێت، پێویستە هەرێمی کوردستان لە بوارەكانی دیكەدا وەبەرهێنان بكات، بە پێچەوانەوە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد شكستخواردوو دەبێت و هۆكارەكانیشی رووندەكاتەوە.

لە لێدوانێكدا بۆ ئێستا لەبارەی وتارێكی بە ناونیشانی “رێككەوتنی بێوەبەرهێنان شکستەکەی وەک مانگەشەوی سەر لە ئێوارەیە”، رێبوار محەمەد پسپۆڕی بواری گرێبەستەكانی نەوت جەختیكردەوە، “بەبێ فرەسەرچاوەیی داهات، رێکكەوتن لەگەڵ بەغداد نابێتە فریادڕەسی خەڵکی کوردستان، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەست بۆ داهات پێش راگرتنی هەناردە و ئەوە دووچاری قەیرانی كردەوە”.

ئەو شارەزایەی بواری وزە راشیگەیاند، بەردەوامیی کێشە نەوتییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، هەرێمی گەیاندە شکستی ئابوری و ناردنەوەی بودجە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم، نابێتەهۆی کۆتاییهێنان بە قەیرانە ئابوری و داراییەکانی هەرێم.

بەپێی وتەی رێبوار محەمەد، پشتبەستن بە داهاتی نەوت ناجێگیریی ئابوری دروستدەكات و قەیران و گۆڕانكارییەكان وادەكەن داهات کەمببێتەوە و کورتهێنانی بودجە دروستببێت. سەرباری ئەوەی كە نەوت هەمیشەیی نییە و بەکارهێنانی نەوت قۆناغ بە قۆناغ بەرەو کۆتاییپێهێنان دەڕوات و ئاراستەکە بەرەو وزەی نوێیە، وەك خۆر و با و غاز.

رێبوار محەمەد بە پێویستی دەزانێت پەناببرێت بۆ سەرچاوەی دیكەی داهات و هەرێمی کوردستان رووبکاتە وەبەرهێنان لە كەرتەكانی دیكەی ئابوری، لەوانە كشتوكاڵ، گەشتیاری، بازرگانی و بوارەكانی تر.

بابەتی پێشتر

تا ئێستا ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم دەستیپێنەکردووەتەوە

بابەتی دواتر

وڵاتی یۆنان بە فەرمی داندەنێت بە بڕوانامەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share