داوا لە ئوسترالیا دەکرێت دیلەکانی کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی

سەرۆکی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی رۆبەرت ماردینی، داوای لە ئوسترالیا و باقی وڵاتانی دیکە کرد کە هاوڵاتییەکانیان کە لە رۆژئاوای کوردستانن، وەربگرنەوە و لەو بارودۆخە سەختە رزگاریان بکەن کە لە کامپەکاندا دەژین بەهۆی ئەوەی کەسوکاری چەکداران و ئەندامانی رێکخراوی داعشن.

سەرۆکی رێکخراوە مرۆییەکە کە بنکەکەی لە ژنێفە، وتی، “ئەو دۆخە ناکرێت بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “لە ڕوووی مرۆییەوە، بەردەوامیی ئەم دۆخە تەحەمول ناکرێت”.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا حکومەتی ئوسترالیا چوار ژنی ئوسترالی و 13 منداڵی لە کامپەکانی سوریا گەڕاندەوە، کە ژن و منداڵی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی کە کوژراون و زیندانیکراون، لەوێ دەستبەسەرن.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێدەچێت نزیکەی 40 هاوڵاتیی ئوسترالی 30 منداڵ و نزیکەی 10 ژن هێشتا لە کامپەکاندا راگیراون، لەکاتێکدا حکومەت تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ چۆڵکردنیان رانەگەیاندووە.

لەم هەفتەیەدا کەنەدا بڕیاریدا 10 منداڵ و چوار ژن لە کەمپی “رۆژ” بگەڕێنێتەوە، بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئەمساڵ هاوڵاتییانیان لە کامپەکانی سوریا گەڕاوەتەوە بۆ 10 وڵات زیادیکرد، بەو پێیەی کۆی گشتی هەزار و 167 هاوڵاتیی بیانی لە کامپەکان گیڕێنراونەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەردەوام داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات کە هاوڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، بۆ ئەوەی پاشماوەکانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە رەگەوە ببڕن.

 

بابەتی پێشتر

مانۆڕە سەربازییەکانی چین لەنزیک تایوان بەردەوامە و ئەمریکا چاودێریی دەکات

بابەتی دواتر

زانیارییە دزەپێکراوەکان تایبەتمەندییەکانی ئایفۆن 15 ئاشکرادەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share