روشدی سەعید دەستگیرکرا

روشدی سەعید

لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە روشدی سەعید بە تۆمەتی دروستكردنی چەكی بانكی دەستگیركرا.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بنکەی پۆلیسی قۆریە روشدی سەعید-ی بازرگانی بە ماددەی 459ی یاسای سزادانی عێراقی و بەتۆمەتی دروستکردنی چەکی بانکیی بێ پارە دەستگیرکردووە.

بەوتەی سەرچاوەکە لەئێستادا روشدی سەعید لە گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی کەرکوکە و ژمارەیەکی زۆر سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە.

روشدی سەعید وەبەرهێنەر و خاوەن كۆمپانیای عادل موتەحیدە بوو، بڕیاربوو پڕۆژەی دەشتی بەهەشت لە رۆژهەڵاتی هەولێر دروستبكات.

پڕۆژەكە، كە لە 427 ڤێلا و هەزار و 122 شوققە پێكهاتبوو، لە ساڵی 2010 دەستیپێكرد و پێویست بوو لە ساڵی 2013 تەواوبكرایە، بەڵام وەبەرهێنەر كاره‌كەی تەواونەكرد و دواتریش كاركردن تیایدا بە بڕیاری حكومەت وەستێندرا.

هەروەك پرۆژەیەكی دیكەی بەناوی سیتی ستار لە دهۆك بە تەواونەكراوی جێهێشت.

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2016 لەسەر سكاڵای 300 كەس دادگای دهۆك سزای 180 ساڵ زیندانی بەسەر روشدی سەعیددا سەپاند، ئەو بڕیارەش بەپێی ماددەی 456ی یاسای سزای عێراقی دەركرا كە تایبەتە بە (قۆڵبڕین)ی خەڵك.

بابەتی پێشتر

شەڕی بنزیمە و دیشامپ گەورەتر بوو

بابەتی دواتر

مێسی بەنیازی چییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share