لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەمڕۆ لە سەردانە رانەگەیەندراوەکەیدا بۆ عێراق رایگەیاند، ئەو هێرشانەی گرووپە شیعییە چەکدارەکان ئەنجامی دەدەن و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکاتە ئامانج دەکرێت کاریگەریی نەرێنی بکاتە سەر شەڕی دژی داعش لە عێراق.
لوید ئۆستن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارە شیعەکانەوە دەستیان پێکردووە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەنە ئامانج، دەتوانێت شەڕی داعش لە عێراق تێکبدات.
ئۆستن وتی، هاوپەیمانیی ناتۆ و ئەمریکا بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی عێراق و ئێمەش هەوڵدەدەین داعش لەناوببەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لێرەین، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش کاردەکەن بۆ پێشکەشکردنی ئامۆژگاری و پاڵپشتی، راشیگەیاند، “ئەم ئەرکە هەستیارە و خۆشحاڵین کە پاڵپشتیی هاوبەشە عێراقییەکانمان بکەین، بە سەلامەتی کاربکەن بۆ بەردەوامبوونی ئەم شەڕە دژی رێکخراوە توندڕەوەکە”.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە “هەر هێرشێک کە هێزەکانمان بکاتە ئامانج، دەتوانێت ئەم ئەرکە تێکبدات”، وتیشی، “سەرنج دەخەینە سەر ئەو ئەرکەی کە پێمان سپێردراوە بۆ شکستپێهێنانی داعش”.
ئۆستن لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “ئەمڕۆ باسمان لە دیدگایەک کرد بۆ کۆمپانیاکانمان لەگەڵ عێراق بۆ رزگاربوون لە داعش، هەروەها بەردەوامین لە دروستکردنی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکە لە ناوچەکەدا بە شێوەیەک کە بتوانێت خۆشگوزەرانی و ئاسایش و سەقامگیری دابین بکات”.