شاندی هونەریی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد كۆدەبنەوە

كۆبوونەوەیەكی شاندی باڵای هەرێم لە بەغداد فۆتۆ: ئەژی عومەر

كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لە بەغداد درێژەیان هەیە و پەرلەمانتارێكی كوردی لیژنەی داراییش دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ ڕێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی یاسای قەرز كراوە و ئەمڕۆش لیژنەی هونەریی هەردوولا تایبەت بە شێوازی جێبەجێكردنەكە كۆدەبنەوە.

دوای ئەوەی چوارشەممەی ڕابردوو 9ی كانونی یەكەم شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم بەرەو بەغداد بەڕێكەوت، لەو ڕۆژەوە شاندەكە چەندین كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ لایەنە حكومی و سیاسییەكانی عێراق ئەنجامداوە.

دوایین كۆبوونەوەی شاندەكە پاش نیوەڕۆی دوێنێ لەگەڵ وەفدی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی هەریەك لە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی كانونی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرز) جێبەجێ بكەن.

وتیشی، “بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هونەریی هەردوو حكومەت لەسەر ئالیەت و شێوازی چۆنییەتی جێبەجێكردنی یاساكە كۆدەبنەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، ڕاگەیاندنی پابەندی هەرێم بە ناوەرۆكی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بۆ ئەوەیە بەغداد پشكی هەرێم بۆ ئەمساڵ بنێرێت و وتی، “بەڵام چەند دێت نازانم”.

لەمیانەی كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای هەرێم پرسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021یش گفتوگۆی لەسەركراوە، وەك ئەوەی شیروان میرزا ئاماژەی پێدا، بەڵام ڕێككەوتن نەكراوە.

كۆبوونەوەی لوتكە ئەنجامدرا
دیارترین كۆبوونەوەی شاندەكەی هەرێم پاش نیوەڕۆی شەممە بە بەشداری كازمی و حەلبوسی بەڕێوەچوو كە سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە كۆبوونەوەی “لوتكە” ناویبرد.

سەمیر هەورامی لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای وتی، “شاندی هەرێم هەوڵی زامنكردنی 320 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە یاسای كورتهێنانی داراییدا دەدات”.

دەربارەی ناوەرۆكەكەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، “لە كۆبوونەوەكەدا، كە لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، جەختكرایەوە لەسەر جێبەجێكردنی یاسایی پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرز) كە مانگی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكرا، لەگەڵ تاوتوێكردنی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بەشێوەیەك كە دادپەروەری تیا بەدیبهێنرێت لە دابەشكردنی تەرخانكراوە داراییەكان بۆ سەرجەم ناوچەكانی عێراق”.

جێبەجێكردنی یاسای قەرز یەكەم هەنگاوە
ئەگەرچی پێشتر هەرێم چاوەڕوان بوو بەغداد بەپێی ڕێككەوتنەكەی پێشووی نێوانیان دوایین 320 ملیار دیناری پشكەكەی لەمساڵدا وەربگرێت، بەڵام فشاری لایەنە سیاسیە عێراقییەكان ڕێگرە لە بەردەم ئەو ویستەدا.

بەپێی زانیارییەكان مستەفا كازمی دەخوازێت ئەو پشكەی هەرێم بنێرێت، بەڵام فشاری لایەن و فراكسیۆنەكان و بەتایبەتیش فراكسیۆنی سائیرون ڕێگرن لە ناردنی بەبێ مەرجی جێبەجێكردنی یاساكە كە لەسەر هەرێم پێویست دەكات بەشێك لە نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەكان ڕادەستبكات، بەر لە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەك.

لە نوێترین هەڵوێستیشدا حەسەن كەعبی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سائیرون وتی، هەر ڕێككەوتنێك دەربارەی نەوتی كوردستان و داهاتەكەی پێچەوانە بێت لەگەڵ بەندەكانی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بە “پوچەڵ” دادەنرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا بەختیار شاوەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بە بۆچوونی من تا حکومەتی هەرێم بە تەواوی نەوت ڕادەستی عێراق نەکات، حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەک نانێرێت”.

لای خۆیەوە هەرێمی كوردستان كە بە دەسەڵاتی تەواوەوە لە بەغدادە چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ پابەندبوون بە یاساكە دەربڕیووە و لەو كۆبوونەوانەش كە لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و لایە‌نە‌ سیاسییە‌كاندا ئەنجامیداون قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوپاتیكردوەتەوە كە، ” ئامادە‌ین ڕێككە‌وتن لە‌سە‌ر پرسی نە‌وت و دارایی بكە‌ین و ئە‌وە‌ی لە‌سە‌ر حكومە‌تی ھە‌رێمە‌ بە‌پێی یاسا و دە‌ستور جێبە‌جێی دە‌كە‌ین، لە‌بە‌رامبە‌ردا دە‌بێت ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم دیاری بكرێت و بدرێت”.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، یەکشەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزی و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share