وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی پشکی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل دەکەن لە کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قەرنە1 دوورن لە ڕاستییەوە.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکان، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، “ئەو زانیارییانەی تایبەتن بە کێڵگە نەوتییەکان و پشکی کۆمپانیاکان لە بەردەست وەزارەتی نەوتدایە، بۆیە کۆمپانیاکانی (ئیکسۆنی ئەمریکی) و (نسۆرتیۆم) کە کۆمپانیای ئیکوۆن مۆبیلیان پێکهێناوە کاردەکەن لە پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قەرنە1، کارەکانیشیان لە قۆناغی یەکەمدا بەردەوامە و بەشداری دەکەن لە گفتوگۆکانی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی زیاتر و ڕاهێنانی کارمەندانی عێراقی”.
وەزیری نەوت جەختیشیکردەوە لەوەی کە هیچ پێشنیارێکیان سەبارەت بە فرۆشتنی پشکەکانیان نەداوەتە وەزارەت.
میدیا عێراقییەکان پێشتر بڵاویانکردەوە کە کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل پشکەکانی خۆی لە کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قەرنەی1 دەفرۆشێت و پێشنیاری فرۆشتنی خستووەتە بەردەم هاوبەشەکانی، بەبڕی 8.7 ملیار بەرمیل نەوت، بەڵام وەزیری نەوت ئەو زانیارییەی ڕەتکردەوە.
وەزیری نەوت باسی لەوەشکردووە کە دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری قورسی نەبووە بەهۆی ئەوەی وەزارەتی نەوەت پلان و بەرنامەکانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و دەستکەوتەکانی زیاتر خێرا کردووە لە پێناو ئەو قەیرانە داراییەی هەیە و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر وڵات، بۆیە جێگرەوەمان بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەیە.