هاتوچۆی سلێمانی سەردانیكردنی بەشی مۆڵەتی كردە شێوازی ئەلیكترۆنی

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە پێناو كارئاسانیكردن بۆ هاوڵاتییان بڕیاریدا سەردانیكردنی بەشی مۆڵەت بكات بە شێوەی نۆرە نووسینی ئۆنلاین لە رێگای ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانییەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لۆدێكی زۆر لە سەر بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی دروستبوو بۆ دەرهێنان و نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ بە دوای چارەسەرێكی گونجاودا گەڕان بۆ كارئاسانیكردن بۆ هاوڵاتییان تاوەكو ئەو هاوڵاتییانەی سەردان دەكەن لەهەمان رۆژدا كارەكانیان بۆ تەواو بكرێت.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەو ڕوانگەیەوە بڕیاردرا كە سیستمی نۆرەگرتنی ئۆنلاین لە ڕێگەی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانیەوە بخرێتە كار كە پێشتر كار بەم سیستمە كراوە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە لە ئاسانكاریكردن بۆ هاوڵاتییان.

‎لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای سەردانیكردنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئەو هاوڵاتییەی دەیەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربكات یان نوێی بكاتەوە دەبێت چی بكات؟..سەرەتا و رۆژێك پێش سەردانیكردنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی پێویستە هاوڵاتییەكە سەردانی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی بكات بە مەبەستی نۆرەگرتن و دوای وەرگرتنی مامەڵەكەی لە بەشی بەدواداچوونی مامەڵە لە ماڵپەڕەكەدا بۆ رۆژی دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی دەكات و كارەكانی لەبەشی مۆڵەت بۆ ڕاییدەكرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، رۆژانە 300 مامەڵە لە ماڵپەڕەكەدا وەردەگیرێت و هەر هاوڵاتییەك فریانەكەوت كۆدی سەردانیكردنی وەربگرێت بۆ رۆژی دواتر دەتوانێت هەوڵبداتەوە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هاوڵاتی دەتوانێت مانگێك بەر لەبەسەرچوونی مۆڵەتەكەی داواكاریی پێشكەشبكات بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەت. لە كاتی بەسەرچوونی مۆڵەت تا 30 رۆژ دوای بەسەرچوونی مۆڵەتەكەی هیچ سزایەك نادرێت.

‎هاتوچۆی سلێمانی جەختدەكاتەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتی لە بەشی بەدواداچوونی مامەڵە، داواكارییەكەی وەرگیرا دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بكات، ئەگەر لە ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی داواكارییەكەی هەڵبووەشێتەوە نابێت سەردان بكات و بۆ رۆژی دواتر دەتوانێت دووبارە هەوڵی وەرگرتنەوەی كۆدی سەردانیكردن بدات.

هاتوچۆی سلێمانی ئاشكراشیكردەكات، كاتێك مامەڵەكە وەرگیرا لە بەشی بەدواداچوونی مامەڵە، پێویستە ئەو كۆدەی لە ماڵپەڕەكە وەریدەگرێت پێیبێت و لە كاتژمێر 7ی شەو وەرگرتنی كۆد لە ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی دەستپێدەكات و كاتی سەردانكردنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی پێویستە لە كاتژمێر 12ی ی نیوەڕۆ تێپەڕنەكات و لە كاتی سەردانیكردنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بۆ دەركردن یاخود نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێرییەكەت پێویستە ئەم پێداویستییانەت پێبێت:-

-كۆدی سەردانیكردنی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی پێبێت

-پشكنینی پزیشكی

-كارتی نیشتمانی ئەگەر نەبوو ڕەگەزنامەی عێراقی‌ و پێناسی باری كەسێتی

– كارتی زانیاری

– پاسپۆرت – یاخود ناوەكەی لای كەسێكی شارەزای زمانی ئینگلیزی بنووسێت‌ و لەگەڵ خۆیدا بیهێنێت.

-ئەو كەسانەی كە بیانین، واتە عێراقی نین، پێویستە پشتگیریی شوێنی نیشتەجێبوون بە پەسەند كراوی لە قائیمقامیەتی سلێمانی بهێنن.

– پێویستە و مەرجە هاوڵاتی لەكاتی سەردانیكردن بەڵگەنامە رەسەنەكان ( ئەسڵییەكان)ی پێبێت.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كاركردن بەم سیستمە لە رۆژی دوو شەممەوە جێبەجێدەكرێت واتە هاوڵاتی پێویستە شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە لە ڕێگای ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی كاتژمێر 7ی شەو ناو بنووسێت بۆ وەرگرتنی كۆدی سەردانیكردن بۆ

رۆژی دووشەممە و رۆژانی دواتر بەهەمان شێوە.

بابەتی پێشتر

وتە بەنرخەکانی فرووغ فەڕوخزاد

بابەتی دواتر

زەوییەكانیش دەگرێتەوە.. "هەیكەلە" زیادەڕۆكان تاپۆدەكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی: نەشتەرگەریی منداڵێک کە تێچووەکەی 15 بۆ 18 ملیۆن دینار بوو بە 600 هەزار لە نەخۆشخانەی سووتاوی ئەنجامدرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە نەخۆشخانەی سووتاوی نەشتەرگەریی جوانکاری نەشتەرگەرییەک بۆ منداڵێک کرا کە یەکەم جارە لە…
Total
0
Share