دوو فڕۆکەی گەورەی ئەمریکی لە نزیک سنورەکانی ئێران سوڕاونەتەوە

سوپای ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دوو فڕۆکەی بی52  مانۆڕێکی سەربازی نیشانی ئێرانداوە و لە نزیک سنورەکانی لە ئاوەکانی خەلیجی فارس سوڕاوەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئاسۆشەیتید پرێس، دوو فڕۆکە گەورەکەی سوپای ئەمریکا لەگەڵ چەند فڕۆکەیەکی جەنگی هاوپەیمانانی وەک سعودییە و قەتەر و بەحرێن، لە ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە، ئەو مانۆڕە سەربازییەی سوپای ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانانی بۆ ئەوەیە ئێران هەست بە بۆشای ئەمریکا نەکات لەناوچەکەدا، چونکە وەک دەردەکەوێت بە کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان دڵخۆشبێت.

فڕۆکەی بی 52 فڕۆکەیەکی گەورەی جەنگییە و توانای هەیە کڵاوەی ئەتۆمی و بۆمبی وێرانکردنی دامەزراوەکان هەڵگرێت و لە هەمان کاتدا هۆکارێکی گواستنەوەی گەورەشە بۆ سوپای ئەمریکا.

لەبارەی ئەم هەنگاوەی سوپای ئەمریکاوە، ژەنەڕاڵ فرانک مەکنیزی، فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە، “فڕۆکە گەورەکانی ئێمە نیوەی جیهانیان بڕیووە و گەیشتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ ئەوەش هاوپەیمانانمان دڵنیاکردووەتەوە کە ئامادەی هاوکاری و ڕێگریشین لە هەرپشێوییەک لە ناوچەکەدا”.

هەنگاوە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن و ترساندنی ئێرانە لەکاتێکدا کە موحسین فەخریزادە، زانای وەزارەتی بەرگری ئێران تیرۆرکراوە و نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی تیرۆری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانیشە، کە دەکرێت ئەم دوو هۆکارە ببنە پاڵنەری جوڵەی سوپای پاسداران لە ناوچەکە.

سوپای ئەمریکا نەیشاردووەتەوە کە نزیکی ساڵڕۆژی تیرۆری قاسم سولەیمان و کوشتنی موحسینی فەخریزادە، ڕەنگە وا لە ئێران و هاوپەیمانانی بکات هێرشی گەورە ئەنجامبدەن، بە تایبەت لە عێراق.

ئەمریکا هەست بەو مەترسییە دەکات کە ساڵڕۆژی تیرۆری قاسم سولەیمانی، لەگەڵ کۆتا ساتەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نزیکە، بۆیە دوورنییە سوپای پاسداران لە کۆتا ساتەکانی ڕۆشتنی ئەو ئیدارەدا جوڵەی سەربازی بکات.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی گەرمیان لەبارەی تەقەکردن لە بەڕێوبەرەکەیان ڕونکردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

ئەو جەنگەی 100 کاتژمێری خایاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share