بافڵ جەلال تاڵەبانی: رێگا نادرێت هیچ کەس و لایەنێک دەستوەردان لە ناو بازاڕی سلێمانی بکات

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ نوێنەرانی بازاڕی دراوی سلێمانی، زەڕەنگەران، بازاڕی جگەرە و ژمارەیەک بازرگان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بازاڕ و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاروکاسبی لە سنووری سلێمانی كۆبووەوە و رایگەیاند، رێگا نادرێت هیچ کەس و لایەنێک دەستوەردان لە ناو بازاڕی سلێمانی بکات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دەباشان بە ئامادەبوونی شێخ ئەحمەد حەمەكەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ نوێنەرانی بازاڕی دراوی سلێمانی، زەڕەنگەران، بازاڕی جگەرە و ژمارەیەک بازرگان کۆبووەوە و گوێبیستی داواكاری و سەرنجەکانیان بوو.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی بازاڕی دۆلارەکە ئاماژەیان بەوە کرد، ” دەستێكی سیاسی لەپشت شێواندنی بازاڕی سلێمانییەوەیە و بە دەنگۆی چەواشەكارانە هەڵایەكی میدیاییان دەستپێكردووە كە ئامانج لێی دروستكردنی وێنایەكی ناڕاست و شڵەژاوی سلێمانییە گوایە لە سلێمانی پارە سپی دەكرێتەوە و دراوی ئەمریكی دەبرێتە دەرەوە، ئەمەش هیچ بنەمایەكی نییە و هەوڵدانێكی نەزۆكانەیە بۆ سستكردنی بازاڕ”.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی بازرگانان، خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی سلێمانی کرد کە هەمیشە بە دڵسۆزی و بەرپرسیارانە کاریان کردووە و بەشێک بوون لە چارەسەر و نەیانهێشتووە هیچ دۆخێكی نەخوازراو كار بكاتە سەر كار و كاسبیان.

سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانیشیان سەرۆک بافڵ رایگەیاند، “دڵنیاتان دەکەمەوە رێگە نادرێت هیچ کەس و لایەنێک دەستوەردان لە ناو بازاڕی سلێمانی بکات و زەمینەیەکی گونجاویش لەبەردەم بازرگان و سەرمایەداران دەڕەخسێنین تاوەکو ئازادانە کارەکانیان بکەن”.

وتیشی، “هەر گرفت و رۆتینێکیش کاریگەری لەسەر سستبوونی بازاڕ هەبووبێت نایهێڵین، هاوکار و پشتیوانتان دەبین لەپێناو بووژاندنەوەی کوردستان و بەهێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم”.
هاوکات لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ پشتیوانیی یەکێتی بۆ وەبەرهێنەر، سەرمایەدار و خاوانکاران دووپاتکردەوە و وتی، “نابێت هیچ هێز و لایەنێک جورئەتی ئەوەی هەبێت یاری بە ژیان و کەسابەتی خەڵکەوە بکات و گرفت دروستبکات، ئێمە بەڵێنمان بە خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی داوە خزمەتیان بکەین و رێگە لە سزا سیاسی و داراییەکان بگرین، بۆیە درێژە بەکاری خۆتان بدەن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانتانە”.

بابەتی پێشتر

فەرمانگەی میدیا و زانیاری: زیاتر لە 252 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەندبوون

بابەتی دواتر

لە رووداوێكی هاتوچۆدا كەسێك گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ تاڵەبانی بۆ ساڵی نوێی کۆچی: ئەم یادە لەکاتێکدا دەکەینەوە هەرێم لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی کۆچی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، “پێویستە هەموومان بەرپرسیارانە…
Total
0
Share