پیاوێك كە بانگەشەی ئەوەی دەكرد سێ كەس دەست و قاچەكانیان بەستووەتەوە و هاوژینەكەیان كوشتووە، دەركەوت خۆی “تاوانەكەی ئەنجامداوە”.
چەند رۆژێك لەمەوبەر پۆلیسی كەركوك تەرمی ژنێكیان لە ناحیەی شوانی كەركوك لە ماڵەكەیاندا بە كوژراوی دۆزییەوە و هاوسەری ژنەكەش لە ناو ماڵەكەدا “دەست و قاچەكانی بەسترابوونەوە”، پیاوەكە لە لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا بە پۆلیسی وتبوو، سێ كەس چوونەتە ماڵیان و دەست و قاچەكانیان بەستووەتەوە و هاوژینەكەیان كوشتووە.
ئەو كات بەهۆی گومانكردن لە پیاوەكە، پۆلیس دەستبەسەریكردبوو، بەڵام ئەمڕۆ دانی بەوەدا نا كە خۆی هاوژینەكەی كوشتووە.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركوك لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا رایگەیاند، “دوای ئەوەی ژنێك کوژرا و هاوسەرەکەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە لایەن سێ چەکدارەوە كوژراوە، دەرکەوت سیناریۆ بووە و هاوسەرەکەی خۆی ئەو کارەی ئەنجامداوە و هاوژینەكەی كوشتووە”.
ئاشكراشیكرد، تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كەركوك دەستبەسەركراوە.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، پیاوەكە پێشتر هاوسەرگیریی كردووە و كوژراوەكە هاوژینی دووەمی بووە و ماوەی دوو ساڵ بوو ژیانی هاوسەرییان پێكهێنابوو.