ئیتاڵییەك بۆ هێوربوونەوە لەپاش شەڕێكی خێزانی 450 كیلۆمەتر بەپێ دەبڕێت

هاوسەرەكەی لەبارەی ونبوونیەوە پۆلیسی ئاگاداركردووەتەوە

جێهێشتنی ماڵ پاش ناكۆكی لەگەڵ یەكێك لە ئەندامانی خێزان، كارێكە هەندێكجار بۆ هێوركردنەوەی هەردوو لایەن ئەنجامدەدرێت، هەمان كار لەلایەن پیاوێكی ئیتاڵی ڕویدا پاش ئەوەی لەگەڵ ژنەكەیدا بووە شەڕیان بۆ ئەوەی خۆی هێوربكاتەوە، بەڵام تا ئەوكاتەی كەوتە بەردەم پۆلیس ڕانەوەستا.

پیاوە ئیتاڵییەكە بۆ دامركاندنەوەی توڕەییەكەی دەستی بە ڕۆیشتن كرد، بەڵام ئەو ڕۆیشتنەی 450 كیلۆمەتری خایاند، بەر لە وەستاندنی لەلایەن پۆلیسەوە لە كاتژمێر 2ی بەرەبەیان بە تۆمەتی پێشێلكردنی قەدەغەی هاتوچۆ كە دەسەڵاتدارێتی ناوچەكە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە ڕایگەیاندبوو.

پیاوەكە (تەمەن 48 ساڵ) سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەی كۆمۆ لە ئەوپەڕی باكووری ئیتاڵیا و سەر سنووری سویسرا دەژی، توانی بگاتە ڤانۆ كە شارۆچكەیەكی بچوكە و دەكەوێتە كەناراوی دەریای ئەدریاتیكی بە دووری 450 كیلۆمەتر لە باشوورەوە.

لە سەرەتادا پیاوانی پۆلیس نەیانزانی ئەو كەسەی پێشێلی قەدەغەی هاتوچۆی كردووە كێیە و نەشیانزانی ئەو هەموو ماوەیەی بڕیووە، بەڵام پاش وردبوونەوە لە ناوەكەی بۆیان دەركەوت هاوسەرەكەی بەر لە هەفتەیەك لەبارەی ونبوونیەوە پۆلیسی ئاگاداركردووەتەوە. بەڵام ئەمە لە سزا دەربازی نەكرد و بە بڕی 400 یۆرۆ سزادرا، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.

پیاوەكە كە ماندوو دەردەكەوت بە پۆلیسی وتووە ماوەیەكی زۆر ڕۆیشتووە بۆ خۆهێوركردنەوە و ڕوونیشیكردوەتەوە “هەموو ماوەكە بەپێ ڕۆیشتووە و هیچ هۆكارێكی گواستنەوەی بەكارنەهێناوە” و پێی وتوون كە لەمیانەی ڕێڕۆیشتنەكەیدا چاوی بە كەسانێك كەوتووە كە خواردن و خواردنەوەیان پێشكەش كردووە و وتی، “من باشم، بەڵام هەندێك ماندووم” ئەمەش لەكاتێكدایە پیاوەكە بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژانە 60 كیلۆمەتری بڕیووە.

چیرۆكی پیاوەكە لە میدیاكانی ئیتاڵیا بڵاوبوەوە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش گواستیانەوە، لەوێش هەندێك بە باڵای پیاوەكەیاندا هەڵداوە، هەندێكیش ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرن كە یاسای قەدەغەی هاتوچۆی پێشێلكردووە.

بابەتی پێشتر

هیندستان 2 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە فەڵەستینییەكان پێشكەش دەكات

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی زیاتر لە 100 دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا دادەمەزرێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share