كەشتییەكی ئاسمانیی كۆری وێنەیەكی رەشوسپی زەوی و مانگ پێكەوە دەگرێت

یەكەم كەشتیی ئاسمانیی مانگی كۆریای باشوور وێنەیەكی دەگمەنی بە رەشوسپی رەوانەكرد كە تیایدا رووی مانگ و هەسارەی زەوی دەردەكەوێت، وەك ئەوەی ناوەندیی بۆشایی ئاسمانی كۆریا بڵاویكردەوە.

كەشتیی ئاسمانیی (دانوری)، كە لە لێكدراوی هەردوو وشەی “دال” بە مانای مانگ و “نوری” بە مانای سوود ناونراوە، لە ئابی رابردوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە بە مووشەكێكی دروستكراوی كۆمپانیای (سپەیس ئێكس) رەوانەكرا و مانگی رابردوو چووە خولگەی مانگەوە، پاش درێژكردنەوەی گەشتەكەی بۆ دەستەبەركردنی وزە.

وێنەكە لەنێوان 24ی كانونی یەكەم و 1ی كانونی دووەم گیراوە لە دووریی كەمتر لە 120 كیلۆمەتر لە رووی مانگ، وەك ئەوەی پەیمانگای كۆریای باشوور بۆ توێژینەوەكانی بۆشایی ئاسمان بڵاویكردووەتەوە.

پەیمانگاكە ئەوەشی وت، وێنەكە و دیمەنە ڤیدیۆییەكان “بەكاردەهێنرێن بۆ هەڵبژاردنی ئەو شوێنانەی دەبنە جێگەی نیشتنەوەی ئەو كەشتییە ئاسمانییانەی رەوانەی مانگ دەكرێن لە ساڵی 2032دا”.

كەشتیی ئاسمانیی (دانوری) هەموو دوو كاتژمێرێك جارێك بە دەوری مانگدا دەسوڕێتەوە، وەك ئەوەی ناوەندە ئاسمانییەكە ئاماژەی پێداوە.

ئەركە كردارییەكانیشی لە مانگی داهاتوودا دەستپێدەكات و لەمیانەیدا نەخشەی رووی مانگ دیاریدەكات لەگەڵ شیكاری بۆی، هەروەك كاری پێوانەكردنی هێزی موگناتیسی و تیشكی گاما ئەنجامدەدرێت.

كەشتییەكە بەهەمان شێوە “ئینتەرنێتی بۆشایی ئاسمان” تاقیدەكاتەوە، كە تاقیكردنەوەیەكی تەكنەلۆجییە، لەڕێی گواستنەوەی وێنە و ڤیدیۆ بەرەو زەوی.

كۆریای باشوور پلانێكی گەورەی لە بواری بۆشایی ئاسماندا هەیە كە خۆیدەبینێتەوە لە رەوانەكردنی كەشتیی ئاسمانی بۆ سەر مانگ تا ساڵی 2032 و دانەیەكی دیكە بۆ مەریخ تا ساڵی 2045.

بابەتی پێشتر

گەنجێك لەسەر ئەركی خۆی شەقامی سەرەكیی گوندەكەیان نۆژەندەكاتەوە

بابەتی دواتر

"سەدەی تورکیا" ناونیشانی ئەردۆغان و پارتەکەی دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share