شارەوانیی سلێمانی دوو هەزار تۆن خۆڵ و خاشاکی ئاهەنگەکانی شەوی رابردووی کۆکردووەتەوە

شەوی رابردوو بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە زۆرینەی شوێنە گشتییەکانی سلێمانی و شەقامی سالم بەتایبەتی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتییان ئاهەنگیان گێڕا، لەدوای کۆتایی هاتنی ئاهەنگەکان شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک شتنی شەقامەکانی ئەنجامدا.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی زۆریی کۆبوونەوەی هاوڵاتییان بۆ ئاهەنگگێڕان خۆڵ و خاشاکێکی زۆر بەجێهێڵرابوو لە شوێنە گشتییەکان کە چاوەڕوانکراوبوو و ئامادەکاریشی بۆ کرابوو لەلایەن شارەوانییەوە.

وتیشی، “لە کاتژمێر 5:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە سەرجەم تیمەکانی شارەوانی کە لە هەرسێ کۆمپانیای پاککەرەوە پێکهاتبوون هەڵمەتی پاککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکانیان دەستپێکرد، نزیکەی دوو هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک لەلایەن تیمەکانەوە کۆکراونەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرەڕای کۆکردنەوە و پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاک تیمەکانی شارەوانی سلێمانی هەڵمەتی شتنی شەقامی سالمیان ئەنجامدا و سەرجەم شوێنەکان  پاککراونەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە رووی ئەمنییەوە شەوی رابردوو لە سلێمانی هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵی سەرجەم ئاهەنگەکانیان کردبوو و بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی شەوی رابردوو لە شارەکەدا ئارامییەکی تەواو هەبووە و تەنها یەک شەڕ روویداوە کە لە هەمان شوێندا چارەسەر کراوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كه‌شناسیی هه‌رێم پێشبینییه‌كى نوێ بۆ ڕه‌وشی كه‌شوهه‌وا ڕگه‌یاند

كه‌شناسیی هه‌رێم پێشبینییه‌كى نوێی بۆ ڕه‌وشی كه‌شوهه‌وا ڕگه‌یاند كه‌شناسیی هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بەفربارین لە سنوورى حاجى ئۆمەران به‌رده‌وامى هه‌یه،…
Total
0
Share