ئاگرەكەی گوێر كۆنتڕۆڵكرا

پاش چەند كاتژمێرێك كاركردنی تیمەكانی بەرگریی شارستانی، ئەو ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكرا كە لە پاڵاوگەیەكی پێشووی گوێر كەوتبووەوە.

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، شوێنی رووداوەكە پێشتر پاڵاوگە بووە، ئێستا كراوەتە كۆگای سووتەمەنی.

بە وتەی ئەو لە رووداوەكەدا 9 تانكیی كۆگاكردنی گاز سووتاوە.

نەبەز عەبدولحەمید ئەوەشی خستەڕوو، 15 ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوەی بنكەكانی بەرگریی شارستانیی هەولێر بەشدارییان لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەدا كردووە، جگە لە زیانە مادییەكان، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

لای خۆیەوە سەركەوت كاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، دوو كارمەندیان بەهۆی كاریگەربوون بە رووداوەكەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

دەربارەی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەش وتی، تیمەكانیان لە شوێنی رووداوەكەن و هەڵسەنگاندن و پشكنین بۆ هۆكارەكەی دەكەن، وتەی خاوەنی شوێنەكە و كرێكارەكان وەرگیراوە.

سەركەوت كاڕەش ئەوەشی روونكردەوە، ئاگرەكە زۆر گەورە بوو، مەترسی زۆر لەسەر گواستنەوەی بۆ شوێنەكانی دەوروبەری هەبوون، بەڵام بە هەوڵی تیمەكانیان توانرا كۆنتڕۆڵبكرێت، بەهۆیەوە تەنها شوێنی رووداوەكە زیانی پێگەیشتووە و نەگوازرایەوە بۆ شوێنەكانی دیكە.

بابەتی پێشتر

ئاگرەكەی پاڵاوگەی گوێر كۆنتڕۆڵنەكراوە

بابەتی دواتر

بۆ خۆدزینەوە لە قەرزەکانی خۆیکرد بە مردوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share