نێچيرڤان بارزانى: مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنمان ته‌نيا به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزى ده‌كرێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان شه‌هيد ئاكام عومه‌ر بە فه‌رمانده‌ى بوێر و چاونه‌ترسى هێزه‌كانى كۆماندۆ ناودەبات و راشیدەگەیەنێت، مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نيا به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌كرێت.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر بە فڕۆكەی تایبەت گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و لەوێ رێوڕەسمی تایبەت بە پێشوازی لە تەرمەكەی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و نوێنەری سەرۆكایەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و نوێنەر و نێردەی وڵاتان و هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمەكەدا وتەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن دڵشاد شەهاب راوێژكاری باڵای سەرۆكی هەرێم خوێندرایەوە و رایگەیاند، ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌م رێوڕه‌سمه‌ خه‌مگينه‌دا به‌شدارين بۆ ئه‌وه‌ى رێز و پێزانين بۆ خه‌بات و قوربانيدانى گه‌نجێكى فه‌رمانده‌ نيشان بده‌ين و هاوخه‌مى و هاوسۆزى له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانيدا دووپات بكه‌ينه‌وه.

وتیشی، “ئه‌م فه‌رمانده‌ لێهاتووه‌، له‌ ئه‌ركى نيشتمانيى پاراستنى كوردستاندا، گيانى به‌خشى و شه‌هيد بوو. شه‌هيد ئاكام عومه‌ر فه‌رمانده‌ى بوێر و چاونه‌ترسى هێزه‌كانى كۆماندۆ، وه‌كوو هاوسه‌نگه‌ران و هاوڕێيانى لێى ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌ميشه‌ خۆى له‌ ريزه‌كانى پێشه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ كوردستان بووه‌ و قه‌ت نه‌يهێشتووه‌ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامانى ديكه‌ى هێزه‌كه‌ى، پێش ئه‌و بگه‌نه‌ به‌ره‌‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دوژمن”.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، مێژووى گه‌لى كوردستان، مێژوويه‌كى پڕ سه‌روه‌رييه‌، به‌ قوربانيدان و خوێنى هه‌زاران شه‌هيد و فرمێسك و ئازارى هه‌زاران دايك و باوكى جگه‌رسووتاوى ئه‌م وڵاته تۆمار كراوه‌‌. ئازادى و ده‌سكه‌وته‌كانى ئه‌مڕۆى گه‌لى كوردستان، قه‌واره‌ى سياسى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، به‌رى ره‌نج و خه‌بات و قوربانيدانێكى بێ وێنه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌له‌كه‌مانن‌. ئێمه‌ هه‌موومان قه‌رزارى خوێنى شه‌هيدان و ئازار و قوربانيى خانه‌واده‌كانيانين.

دووپاتیشیكردەوە، هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسيى جدديدايه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و قبووڵكردنى يه‌كتر و پێكه‌وه‌كاركردنى نێوان هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان به‌گشتى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى هه‌يه‌. مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن و پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نيا به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌كرێت. هێز و ئاماده‌يى و سه‌نگ و قورساييمان له‌ به‌غداد و لاى هاوپه‌يمانان و دۆستانمان له‌ جيهان، به‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيمان ده‌بێت.

سەرۆكی هەرێم لەو مەراسیمەدا ئەوەشی وت، دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ره‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتر، شكستى هه‌موومان و شكستى هه‌رێمى كوردستانه‌. هه‌رێمى كوردستان و هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كان و پارتى و يه‌كێتى به‌تايبه‌تى، به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى سه‌رده‌كه‌ون. شكستى هيچمان سه‌ركه‌وتنى ئه‌ويتر نييه‌. سه‌ركه‌وتن و شكستى هه‌موومان پێكه‌وه‌يه‌. له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييدا، هه‌موومان و هه‌موو گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ براوه‌ و سه‌ركه‌وتوون. له‌ ناته‌بايى و دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ره‌تكردنه‌وه‌ى يه‌كتردا، هه‌موومان دۆڕاو و شكستخواردووين.

هەروەك داوایشی له‌ هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان كرد كێشه‌ و ناكۆكى به‌لاوه‌ بنێن و به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن چاره‌سه‌ريان بكه‌ن و “با پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و كاركردن له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ گه‌لى كوردستان، هه‌موومان پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌”.

 

بابەتی پێشتر

گەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جامی جیهانی بباتەوە هاوسەری یاریزانەکان چی دەکەن؟

بابەتی دواتر

راستی چۆکی بە نادادی هێنا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڵگەکانی بەکارهێنانی کیمیایی لەلایەن توركیاوە ڕەوانەی ناوەندە جیهانییەكان دەكرێت

ئەو بەڵگانەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە دەسەلمێنن، لەلایەن ‏كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانەوە ڕەوانەی ناوەندە جیهانییەكان دەكرێن.‏ زەینەب…
Total
0
Share