جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە پرسەنامەیەکدا بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەدوای شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتوەکان هاوسۆزە لەگەڵ جەنابت و خانەوادەکەی.
ئەمڕۆ سێشەممە جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق پرسەنامەیەکی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد کە تێیدا هاتووە، “کۆستێکی گەورەیە کە هەواڵی کۆچیدوایی هاوڕێی ئازیزت و فەرماندەی پێشمەرگە، ئاکام عومەرم پێگەیشت، دەمەوێت کە پرسەنامەی خۆمان بە جەنابت و خانەوادەکەی بگەیەنم”.
لەبەشێکی دیکەی پرسەنامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، “دەمەوێت ئەو تێکۆشانەی ئەو بەرز رابگرم کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئاشتی وڵاتەکەی و خەڵکەکەی، پێشکەشیکرد”.
لە کۆتایی پرسەنامەکەشدا باسی لەوە کردووە، “لەم کاتە سەختەدا، کەم شت هەن بگوترێن کە بتوانن ئارامیتان پێببەخشن، بەڵام گرنگە کە بزانن نەتەوە یەکگرتوەکان، هاوسۆزە لەگەڵ جەنابت و خانەوادەکەی”.