ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق مۆڵەتی شەش مانگ دەداتە وەزیر، بریكار و پارێزگارەكان بۆ هەڵسەنگاندنی كاروبارەكانیان.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدا و تیایدا چۆنیەتی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومی تاوتوێكرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە سودانی رایگەیاند، بەرنامەی حكومی دەربڕی روانینی ئایندەی حكومەتە و، پلان و بەرنامەی وەزارەتەكان كە دەویسترێت لە قۆناغی ئایندەدا جێبەجێ بكرێن لەخۆدەگرێت.
وتیشی، “هەڵسەنگاندن بۆ كاری حكومەت دەكرێت لەژێر رۆشنایی بەرنامە حكومییە پەسەندكراوەكە، كە هەڵسەنگاندنی وەزیران، بریكار، پارێزگار، راوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەخۆدەگرێت بەپێی كاتی دیاریكراو”.
بەپێی راگەیەندراوەكە وادەی سێ مانگ بۆ بەڕێوەبەرانی گشتی دیاریكراوە كە لە سبەینێوە دەستپێدەكات، دوای ئەوە هەڵسەنگاندن بۆ تواناكانیان دەكرێت، لەكاتێكدا وەزیر، بریكار، پارێزگار و راوێژكارەكان مۆڵەتی شەش مانگیان لە بەردەمدا دەبێت و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانیان دەكرێت لەڕووی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومی و پابەندبوونیان بە بڕگە سەرەكییەكان و كارە لەپێشینەكان.
هەروەك بڕیاردرا ئەو رێوشوێن و بەرنامانەی پێویستیان بە تەرخانی دارایی نییە دەست بەجێبەجێكردنیان بكرێت، ئەوانی دیكەش كە پێویستیان بە تەرخانی داراییە وادەی دەستپێكردنیان بخرێتە دوای دەرچوونی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی ساڵی 2023.