ستران عەبدوڵا: یەکێتی کێشەی خەڵکی لەگەڵ ئەم تەرزە حوکمڕانییەی پارتی هەیە

بەرپرسێكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، هیوادارین پارتی دوای كۆنگرە بەشی ئەوە ئاراستەكانی یەكخستبێت كە دەرفەتی هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەی تیابێت و دەشڵێت، یەکێتیی کێشەی خەڵکی کوردستانی هەیە لەگەڵ تەرزی حوکمڕانیی پارتی.

ستران عەبدوڵا لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، باوی ئەو خەیاڵپڵاوییە نەماوە كە باسی تاقم و دەستە لەناو یەكێتی بكرێت. یەكێتی ئێستا یەك دەستە و یەك ئاراستەیە بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەکردنی تەنگژەی سیاسیی کوردستان و چاککردنی گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک و نەهێشتنی جیاکاری نێوان شارەکان.

میدیای فەرمی یەكێتی لە زاری ستران عەبدوڵا وتیشی، “ئێمە هیوامانە پارتی دوای كۆنگرەی چواردەیەم بەشی ئەوە ئاراستەكانی یەكخستبێت كە دەرفەتی هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەی تیابێت لەگەڵ لایەنەكان وەکو خۆشیان هەستیان پێکردووە”.

دەربارەی وتەكانی ئەمدواییەی بەرپرسێكی پارتیش، بەرپرسەكەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت، “ئێمە پێمان ناخۆشە برادەرانی پارتی وا تەنگەتاو بوون كە بەراورد لەنێوان دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی حكومەت بكەن لە كابینەی نۆ و كابینەكانی پێشتردا، لە کاتێکدا کە سەرۆكایەتی حكومەت ئەوسا و ئێستاش هەر لە حزبەكەی ئەوان بوو. ئێمە ئەم بەراوردە هەستیارە ناكەین و کارمان پێی نییە، بەڵام دەزانین سەرۆكی حكومەتی ئێستا سیاسەتە هەژموون و فراوانخوازییەکەی وا پەرەیسەندووە هیچ مانایەكی بۆ هاوبەشێتی و بەشداری كارای حكومڕانی بۆ لایەنەکان نەهێشتۆتەوە بە جۆرێک تەنانەت گۆڕانكاری وەزاری لە پشكی یەكێتیش پەكدەخات”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت “کێشەی سەلاحیاتی لا ئەوەلەویەت نییە، ئەگەرچی حکومەتی ئیئتلافی کارا دەبێ دەستی بەشداری لە کۆشش و خزمەتکردن بۆ هاوبەشەکەی واڵابکات، راستێکەی خەم و ئەولەویەتی جێگری سەرۆکی حکومەت عەدالەت و چوونیەکی خزمەتە لە سەرتاسەری کوردستان بە سلێمانی و گەرمیانیشەوە”.

لەبارەی دۆسیەی نەوت و غازیشەوە ستران عەبدوڵا ئاماژە بەوەدەكات كە هەموو هەوڵی ئەمڕۆی یەكێتی بۆ ئەوەیە سامانی غاز بە دەردی دۆسێی نەوت نەبرێت، نەك پشك و پشككاری، چونکە بەداخەوە قسەی ئەو لێپرسراوانە لەسەر كەیسی نەوت و غاز وەك قسەیانە لەسەر كەیسی ئەمنی و گوایە یاسا سەروەری، هەردووكیان جێی باوەڕی نەك جەماوەر، بەڵكو جێی باوەڕی كادیرانی پارتیش نین چونكە هەموو لایەك دەزانن ئەوە یەكێتی بوو بۆ نیازباشی لە حكومەت بە گۆڕانكاری لە ئەنجومەنی باڵای ئابوری رازیبوو.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنیش دەڵێت، “بەداخەوە پارتی لە كەیسی ئەمنی لە خۆی بەشكە، بۆیە ئەم بابەتەی لێ بۆتە فۆبیا و سیناریۆ بۆلیۆدییەکەی پێ پەردەپۆش ناكرێت. ئەگەرنا هەموو جەماوەر دەزانێت لەودیو دێگەڵە چەند شتی گوماناوی دەكرێت. لەوێ لادەرەكانی یاسا و سیاسەت هێز و فەوجیان بۆ دەكرێتەوە”.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی جەختدەكاتەوە، لای یەكێتی، سلێمانی و هەولێر و دهۆك و گەرمیان جوگرافیای یەك نیشتمانن، پێیان خۆشە پارتیش بەو ئاراستە كوردستانییە بیر لە سلێمانی و گەرمیان بكاتەوە و گەمارۆی سەریان هەڵبگرێت، دەست لە فەرق و جیاوازی نێوان دەڤەرەکان هەڵبگرێت کە دیفاکتۆی دوو زۆنی قوڵ دەکاتەوە.

هەروەك باس لە سلێمانی دەكات و دەڵێت، سلێمانی هەمیشە پایتەختی جوڵانەوەی سیاسیی کوردستان بووە و ئێستاش هەروا بە روانینێکی فراوان و کراوەوە ئەم گیانە دیموکراسییەی خۆی دەپارێزێ و شۆخی بە نەغمەی پەرۆشیی پارتی دێت بۆ دۆخی شارەکە، بە پێچەوانەوە “سلێمانی و تەواوی کوردستان کێشەیان لەگەڵ ئەم شێوە حوکمڕانییە بێباکەی تیمی سەرۆکی حکومەت هەیە و لێی ناڕازین.

لە كۆتاییشدا رای حزبەكەی دەخاتەڕوو و دەڵێت، یەکێتی هیچ کێشەیەکی حزبی بەرتەسکی لەگەڵ پارتی نییە. یەکێتی کێشەی خەڵکی کوردستانی هەیە لەگەڵ ئەم تەرزە حوکمڕانییەی پارتی.

بابەتی پێشتر

كاروان گەزنەیی: حكومەت گەمارۆیەكی ناشەریفانەی سلێمانی دەدات

بابەتی دواتر

بڕیار بۆ بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەردەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تى: ھەڵاتنی چه‌كدارانى داعش لە گرتووخانەی غوێران مەترسی بۆ عێراق دروستناكات

ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژى داعش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ھەوڵی ھەڵاتنی چەکدارانی داعش لە گرتووخانەی حەسەکە ھەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر عێراق و ناوچەکە…
Total
0
Share