قوربانییە عەرەبەکانی بۆردومانەکەی گوندی پەرخێ قەرەبوو کراونەتەوە و هیچ بۆ کوردەکان نەکراوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق جیاوازی دەکات لە نێوان ئەو هاوڵاتییانەی لە بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران بوونەتە قوربانی و سەرجەم قوربانییە بە رەگەز عەرەبەکانی بۆردومانەکەی گوندی پەرخێ قەرەبوو کراونەتەوە بەڵام هیچ بۆ کوردەکان نەکراوە.

د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “حکومەتی عێراق جیاوازی دەکات لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و کەسە زیان لێکەتووەکانی تۆپبارانەکانی تورکیاو ئێران، لە دوای تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی پەرەخێ لە زاخۆ برینداران و کەسوکاری شەهیدانی هاوڵاتییە بە رەگەز عەرەبەکان هەموویان قەرەبووکراونەتەوە، بەڵام هاوڵاتییە کوردەکان تاکو ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ” بەهەمان شێوە لە تۆپبارانەکەی تورکیا بۆ سەر ناحیەی دەرکار قەزای باتوفە دوو گەنجی بە رەگەز عەرەبی پارێزگای موسڵ شەهیدبوون دەستبەجێ قەرەبوو کرانەوە، بەڵام هاوڵاتییانی کوردستان و نیشتەجێی رەسەنی سنوورەکە جگە لە زیانی گیانی و برینداربوون و کەمئەندام بوون، ماڵ و حاڵیشیان وێرانکراوە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ جۆرە قەرەبوویەک نەکراونەتەوە، بگرە حکومەتی هەرێم ناویان وەک شەهیدی کارەساتی تۆپ باران تۆمار ناکات”.

ئاشکراشی کرد، ” لە بەغداد لە پێشوازی نوێنەرانی بەشێک لە خێزانە زەرەرمەندبووەکانی بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران بووین، کە بە هاوکاری رێکجراوی CPT هاتبوون، بەڵێنمان پێدان لە بەغدادەوە کـاردەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوانی ئەم هێرشانە و رێگە لەم نادادپەروەرییە دەگرین”.

 

بابەتی پێشتر

محەمەد شیاع سودانی سەردانی بەرلین دەکات

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ..شەڕە کورسی لەناو پەرلەمان لەسەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share