ڕیاڵ مەدرید و ئینتەرمیلان بۆ گەیشتن بە قۆناغی (16) پێویستیان بە چ ئەنجامێکە؟

ڕیاڵ مەدرید و ئینتەرمیلان لە قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ ئەگەری دەرکردنیان هەیە

یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و ئینتەرمیلان لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ڕوبەڕوی دۆخێکی ئاڵۆز بوونەتەوە و مەترسی ماڵئاواییکردنیان لەسەرە.

سەرەڕای ئەوەی ڕیاڵ و ئینتەر دوو گەورەی گروپی دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگن، بەڵام ئەنجامەکان لە بەرژەوەندییان نەبووە، یارییەکانی گەڕی پێنجەم هیچ براوەیەکی گروپەکەی ئاشکرانەکرد و کۆتا یاری (گەڕی شەشەم) براوە و شکستخواردووی ئەم چیرۆکە ئاشکرادەکات.

ڕیاڵ مەدرید بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ بە دوو بردنەوە و دوو دۆڕاندن و یەکسانبوونێک پلەی سێیەمی ڕیزبەندی کۆمەڵەی دووەمی گرتووە، لە بەرانبەردا ئینتەرمیلان بە پێنج خاڵ (بردنەوەیەک، دوو دۆڕاندن، دوو یەکسانبوون) کەوتووەتە پلەی چوارەمەوە.

یانەی بوروسیا مونشنگلادباخی ئەڵمانی بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە و شاختار بە حەوت خاڵ و بە جیاوازی ئەنجامی یاری چون و گەڕانەوە لە پلەی دووەمدا پێش ڕیاڵی شاهانە کەوتووە.

ڕیاڵ مەدرید پێویستی بە چییە؟

بردنەوەی ڕیاڵ مەدرید لە مونشنگلادباخ بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامی یاری نێوان شاختار و ئینتەر دەیانگەیەنێتە قۆناغی 16.

سەرەڕای ئەو ئاستە خراپەی پێکهاتەی زێدان نیشانیداوە، بەڵام لە ئەگەری بردنەوەیان لە گلادباخ و دۆڕاندنی شاختار بە ئینتەرمیلان، یانەی شاهانە بە یەکەمی گروپ دەگاتە قۆناغە یەکلاکەرەوەکان.

ئەگەر ڕیاڵ بەرانبەر گلادباخ یەکسانبوون تۆماربکات، ئەستێرەکانی زێدان پێویستیان بە بردنەوەی ئینتەرمیلان لە شاختار دەبێت، لەم حاڵەتەدا گلادباخ بە یەکەمی کۆمەڵەکە و ڕیاڵ لەگەڵ ئینتەر بە هەشت خاڵ هاوتا دەبێتەوە، بەڵام بەوپێیەی لە یارییە ڕوبەڕووەکاندا بەرانبەر ئینتەر براوەبوون، ڕیاڵ بە دووەمی گروپەکەی سەردەکەوێت.

ئەنجامی دۆڕاندن مێرەنگی لە خولەکە دەکاتە دەرەوە، لەم حاڵەتەشدا ئەگەر شاختار لە ئینتەر بباتەوە یاخود یەکسانبوون تۆماربکەن، ڕیاڵ مەدرید بۆ خولی ئەوروپی دادەبەزێت، لە بەرانبەردا بردنەوەی ئینتەر و دۆڕاندنی ڕیاڵ مەدرید هیچ ئەنجام و خولێک بە زێدان و یاریزانانی نابەخشێت.

ئینتەرمیلان پێویستی بە چییە؟

جەنگاوەرانی ئەنتۆنیۆ بۆ گەیشتن بە قۆناغی (16) لە بردنەوە زیاتر هیچ چارەیەکیان لەبەردەمدا نییە، بردنەوە لە شاختار چانسی گەیشتنیان بە قۆناغە یەکلاکەرەوەکان پێدەبەخشێت، بە پێچەوانەوە دۆڕاندن و یەکسانبوون لە خولی یانە پاڵەوانەکان و تەنانەت خولی ئەوروپیش بێبەشیان دەکات و ناچاردەبن لە گەڕی شەشەم سەرنجیان لەسەر ئەنجامی یاری ڕیاڵ مەدرید ببێت، پێویستە ڕیاڵ مەدرید شکستبهێنێت تاوەکو بلیتی سەرکەوتن مسۆگەربکەن.

ئەگەر ئینتەر و ڕیاڵ مەدرید بەیەکەوە سەرکەوتن تۆماربکەن، هەردوو یانەکە بە یەکەم و دووەمی گروپ سەردەکەون (یەکەم ڕیاڵ و دووەم ئینتەر)، لەم حاڵەتەدا ئینتەر و گلادباخ لە ژمارەی خاڵەکانیاندا هاوتا دەبنەوە، بەڵام بە کۆی ئەنجامی ڕوبەڕوبوونەوەی ئینتەر و گلادباخ، ئینتەر بە براوە ئەژماردەکرێت.

ئەگەر بێتو هەردوو یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتاییبێت، ئینتەرمیلان ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ دەکات و ڕیاڵ مەدرید بۆ خولی ئەوروپی دادەبەزێت، هەردوو یانەی گلادباخ و شاختاریش وەک یەکەم و دووەمی گروپەکەیان بۆ قۆناغی 16 سەردەکەون.

لە ئەگەرێکی دیکەدا، ئەگەر ئینتەرمیلان لە شاختار بباتەوە و ڕیاڵ مەدرید و گلادباخ یەکسانبن، یانە ئیتاڵییەکە بۆ خولی ئەوروپی “یوروپا لیگ” دادەبەزێت و ڕیاڵ دەستبەتاڵ دەردەچێت.

بابەتی پێشتر

فرۆشتنی مێسی بڕیارێکی دروستە؟ سەرۆکی کاتیی بارسا وەڵامێکی چاوەڕواننەکراو دەداتەوە..

بابەتی دواتر

هێمن هەورامی: شاندێکی باڵای پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share