بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەر هەڤاڵ و كادر و ئەندامێكی یەكێتی توندوتیژیی بەرامبەر كچان و ژنان ئەنجامبدات ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، لە ھەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان هەنگاوێكی گرنگە بۆ ڕێزگرتنی خەباتی ژنان و هەوڵەكانیان لەپێناو پاراستنی مافەكانی ژنان، جەختیشدەكاتەوە هەر هەڤاڵ كادر و ئەندامێكی یەكێتی توندوتیژیی بەرامبەر كچان و ژنان ئەنجامبدات ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، لە ھەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان هەنگاوێكی گرنگە بۆ ڕێزگرتنی خەباتی ژنان و هەوڵەكانیان لەپێناو پاراستنی مافەكانی ژنان، یەكسانیی جێندەری و نەهێشتنی چەوساندنەوە و جیاكاری كۆمەڵایەتی.

سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند، “دەمەوێت لەم بۆنەیەدا نیگەرانییەكانم لە بەرامبەر پێشێلكردنی مافەكانتان و ئەو توندوتیژییانە دەرببڕم كە بەرامبەرتان دەكرێت بەبێ هیچ پاساوێك سنوورە كەسییەكانتان دەبەزێنرێت و ئازادییەكانتان بەرتەسك دەكرێنەوە”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیكردەوە، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەمان دیدگای ئازادیخواز و سەردەمیانەی سەرۆك مام جەلال بەرامبەر ژنان بەردەوامدەبێت و پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین، هەربۆیە هەموو ئۆرگان و دەسەڵاتە رێكخراوەییەكانمان دەخەینە خزمەت ئەم ئامانجە باڵایە و بڕیار دەدەین:-

1.پێویستە تەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكار و هەماهەنگبن لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانی ژنان و ڕەخساندنی یەكسانیی جێندەری لە گشت دامەزراوەكاندا.

2.ژنان هێزی بەردەوام و لەبن نەهاتووی یەكێتین و پێشڕەوی خەباتی مەدەنی و دیموكراسین، بۆیە بڕیارماندا لەمەودوا دەرفەتی زیاتر بە كچان و ژنان بدرێت لە كاری رێكخراوەیی، سەركردایەتی و هەموو ئۆرگەكانی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەشدارییەكی چالاكانەتریان هەبێت.

3.هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی پابەندی یاسا بەركارەكان و ڕاسپاردەی دیداری یەكێتی تایبەت بە پرسی یەكسانی جێندەری دەبن و هاوكار و پشتیوانی بێمەرج دەبن لەپێناو بەرقەراربوونی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەی كوردیدا و ڕووبەڕووی هەموو بەربەستەكانی بەردەم بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەش دەبنەوە.

4.هەر هەڤاڵ، كادر و ئەندامێكی یەكێتی لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەكدا بێت، توندوتیژیی بەرامبەر كچان و ژنانی كۆمەڵگەكەمان ئەنجامبدات و دەست بۆ ماف و ئازادییە كەسییەكانیان ببات، ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و لێپێچینەوەی توندی حزبی لەگەڵدا دەكرێت و ئێوەی ژنان و كچانی ئازا و ئازادیخواز بەرەو ئامانجە باڵاكانتان هەنگاوبنێن و ئێمەش لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانتان دەبین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو جیاكاری و بیركردنەوانەش دەوەستینەوە كە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەم خەباتە مەدەنی و دیموكراسییەدا.

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی كرێكارێك بەهۆی غازی سۆپاوە لە گەرماودا گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: خاتوو ژیان ژنێكی خەباتگێڕ و خۆڕاگربوو لە ڕۆژانی سەختی خەباتدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share