مارێكی كوڵەوەیباب لە پەیمانگای تەكنیكیی سلێمانی دەركەوت و مامۆستایەك دەڵێت، ناچارانە كوشتوویەتی.
گۆران زیاد شێخانی مامۆستا لە پەیمانگای تەكنیكیی سلێمانی لەو بارەیەوە بە ئێستای راگەیاند، لە لایەن چەند خوێندكارێكەوە ئاگاداركراونەتەوە لە بوونی مارێك لە یەكێك لە باخچەكانی پەیمانگاكەدا، ئەویش بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ژیانی خوێندكاران و مامۆستایان هەوڵی دوورخستنەوەی مارەكەی داوە، بەڵام دەرفەت نەبووە و ناچارانە كوشتوویەتی.
وتیشی، مارەكە لە جۆری كوڵەوەیباب بووە و درێژییەكەی 120 سانتیمەتر بووە، دوای كوشتنی لە چاڵێكدا ناشتوویانە.
مامۆستا گۆران یەكەم جاری نییە مامەڵە لەگەڵ مار و خشۆكی مەترسیداردا بكات و ئاشكرایكرد، دژی كوشتنی گیاندارانە و پێشتر چەندین جار توانیویەتی مار بگرێت و لە شوێنی نیشتەجێبوون و كاركردنی مرۆڤ دووریان بخاتەوە، بەڵام مارەكەی ئەمڕۆ دەرفەتی گرتن و دوورخستنەوەی نەبووە و ناچاربووە بیكوژێت.